عەبدوڵڵا پەشێو

لە ڕوخساری شیعر گەڕێن خەمخواری کورد

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
540
لە ڕوخساری شیعر گەڕێن، خەمخواری کورد
تا کرێت و ناشیرین بێ ڕوخساری کورد
منداڵ و شێت ڕاستگۆن
منیش منداڵێکی سەر سپیم و
سەرشێتێکی لاساری کورد
زارم شیعری پێدا نایێ
لە هەژمەتی ورگ و قەڵەم چاو شۆڕانی دەرباری کورد
وەک کاولی چەقەنەیان هەدا نادا
بۆ گەمبۆڵ و جەللادانی قۆچداری کورد...

خەونێکم دی:
لەم خەوەدا ئاهرومەزدە گەڕا بۆوە
نیشتیمانی کەڤناری کورد
هەوری ئاسمان لاڵوپاڵ بوو
لەبەر زرمەی گەڕی شایی و
هاتوهەوی شاسواری کورد!

بەیانییان ئاوێزانی گزنگ دەبووم
تێمدەچریکاند بۆ خاک، ئاڵا، ئاکاری کورد
ئێوارانیش ڕێی ژوانم گوڵڕێژ دەکرد
بۆ کوڕگەل و کیژوکاڵی دڵداری کورد
گوتم: ئۆخەی خۆ لۆتییەکەی بەغدای ڕاونا
خڕکەبەردو خوترەداری هەژاری کورد.

ئۆخەی ڕێگەی گەڕانەوەم، ئۆخەی بێرکۆت ١
ئۆخەی بێشەو چەم و کێڵگەو بەیاری کورد
ئۆخەی ئاسمان
ئۆخەی زەوی، ئەستێرە و مانگ
ئۆخەی هاوین، پایز، زستان، بەهاری کورد
ئۆخەی ماچی ئازیزانی ڕوو هەتاوگاز
ئەشکی عومرێک چاوەنواڕی دیداری کورد...
ئۆخەی ئاوی زنە و کانی، دۆی کوندەڵان
ئۆخەی خەوی بن سابات و دەواری کورد
ئۆخەی مەرگی ناو ئازیزان
چوونە ژوانی تاهەتایەی
خاک و خۆڵی بۆنداری کورد!

لەم خەوەدا هاوارم کرد «خەونە، مەڕۆ»
لە خەویشدا خوا نەهاتە هاواری کورد!
کاتێ هەستام، چ ببینم؟ تەراتێنە؛
تەراتێنی گۆڕهەڵکەنە و کەمتیاری کورد!
نە کرمم بچمە ژێر زەوی
نە باڵدارم بچمە ئاسمان
ئەدی چبکەم، کردگاری کورد؟

دەکشێمەوە - تەوری تکریت چاوەڕێمە
دەڕۆمە پێش - ڕەببانی و حیکمەتیاری کورد ٢
ئەوان هەردووک،
دەمی تیژی یەک مەقەستن
بۆ بڕینی بەندی دڵی داخداری کورد:
چاو لە بەغدا
قوون لە تاران
گوێچکە لە شام
لە ئەنقەرەش قەمتەر کران کەوماری کورد!

لە زمان و سەر بێزارم...
دیسان چاوم لە ئێوەیە
زارۆیانی نەداری کورد
سەرێکی دی بە ئەستۆوە بنوسێنن
زمانێکی دی بخەنە ناو زاری کورد
لە دایکبن هەتا ئێوە نێنە دونیا
خوێنی تازەی تێ ناگەڕێ دەماری کورد.
پارێز بکەن،
لە سفلسی بیری دەڵبی بنپژاومان
لە ئایدزی ڕەفتاری کورد
گومان بکەن لەمان، لەوان، لە دار، لە بەرد
گەرنا لە کێ وەپاشکەوتوون سەرداری کورد؟

لە دامێنی کێن سەرخێڵی هوتۆ و توچچی ٣
داشەهارەی هەرچوار دەور و کەناری کورد؟
ئەو بۆکاسە ٤ و پۆڵ پۆتانە ٥ لە کوێوە دێن
بۆ گێڕانی ئاشەخوێن و کوشتاری کورد؟

«لە دایک بن کوڕانی سەدەی ئایندە
هەڵۆیانی گەردەنبەرزی کۆساری کورد
لە دایکبن هەڵگرانی چرای زەردەشت
پەریزادە و شۆڕەسواری دێ و شاری کورد
لە دایکبن ژەنگی مێژوو داپۆشۆرن
با گوێی دنیا بئەنگێوێ بڕیاری کورد!»

١. بێرکۆت: ناوی ئەو گوندەیە کە پەشێو لێی لە دایکبووە
٢- ڕەببانی و حیکمەتیار: جوتێک سەرکردەی بە خوێنی سەری یەک تینووی ئەفغانستانن.
٣. هۆتۆ و توچچی: دوو هۆزن لە ڕواندە و بوروندی دوژمنی سەرسەختی یەک و هۆی ماڵوێرانی ئەو دوو وڵاتەن.
٤. بۆکاسە: سەرۆکی کۆلکەخوێندەوار و دواتر ئیمپڕاتۆڕی خوێنمژی ئەفریقای سێنترال ١٩٦٦-١٩٧٩.
٥- پۆڵ پۆت: سەرۆکی کەمبۆدیا کە لە (١٩٧٥ - ١٩٧٩) بە ناوی کۆمۆنیزم دوو - سێ ملیۆن کەسی «شارنشینی تەمبەڵ» و «بورژوا»ی حەواڵەی ئەو دنیا کرد.

فەرهەنگۆک؛
هەژمەت؛ سوێ، داخ، حەسرەت
گەمبۆڵ؛ گۆڵەسەگی پیر
کەڤنار؛ دێرین، زۆر کۆن
خوترەدار؛ داری ئەستوور و پتەو
بێرکۆت؛ یەکێک لە دێیەکانی سەر بە هەولێرە، (زێدی شاعیر)
ڕووهەتاوگاز؛ ڕوخساری هەتاوبردوو
دۆی کوندەڵان؛ دۆی مەشکە
دەوار؛ چادر، خێوەت، ڕەشماڵ
تەراتێن؛ ڕاکردن و غاردان
قەمتەر کردن؛ بەستنی دەمی حەیوان
کەومار؛ جۆرە مارێکە دەنگێکی تایبەتی هەیە و وەک کەو دەخوێنێ
سفلس؛ سفلیس نەخۆشێکی شوێنی نێرینەیی پیاوانە کە بە هۆی نزیکی دەگەڵ ژنی خراپە دێتە پێشێ.
دەڵب؛ فشوفۆڵ
بنپژاو؛ بە واتای کچێکە کە کچێنی خۆی دۆڕاندبێ، لێرەدا بیرێکە کە ببێتە هۆی ئابڕووچوون
ڕەببانی و حیکمەتیار؛ جووتێک سەرکردەی بە خوێنی سەری یەک تینووی ئەفغانستانن.
هوتۆ و توچچی؛ دوو هۆزن لە ڕواندە و بوروندی. دوژمنی سەرسەختی یەک و هۆی ماڵوێرانی ئەو دوو وڵاتەن.
بۆکاسە؛ سەرۆکی کۆلکەخوێندەوار و دواتر ئیمپراتۆری خوێنمژی ئەفریقای سێنترال (١٩٦٦-١٩٧٩)
پۆڵ پۆت؛ سەرۆکی کەمبۆدیا کە لە (١٩٧٥-١٩٧٩) بە ناوی کۆمۆنیزم دوو - سێ ملیۆن کەسی «شارنشینی تەمبەڵ» و «بورژوا»ی حەواڵەی ئەو دنیا کرد.

سەرچاوەی دەق: https://allekok.ir