مۆسیقا، هونەری دواڕۆژ
ئەوەی ناگوترێ، مۆسیقا پیشانی دەدات، ئەوەی ناتوانرێت بگوترێ، مۆسیقا دەتوانێت دەری ببڕێ.
فەرهاد پیرباڵ لە کتێبی «مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی»دا، مۆسیقا لە چوارچێوەیەکی تازەدا نیشان دەدات. لە ڕوانگەی ئەم نووسەرەوە، مۆسیقا (مۆسیقای بێ گۆرانی، مۆسیقای بێ وشە) باڵاترین شێوەی هونەر و بەرزترین شێوەکانی مۆسیقایە.
نووسەر باس لەوە دەکات؛ کاتێک لە دانیمارک پەناهەندە بووە، دوای جەنگ و نەهامەتی و ماندووبوونی بێ ئەندازە گەیشتووەتە دوورگەی میدڵ گراند، و ڕۆحی بە هیچ شتێک ئارامی نەگرتووە، لە بەیانییەوە تا نیوەشەو تەنیا گوێی لە مۆسیقا گرتووە، بە تایبەتی لە سیمفۆنییەکان. لەو دوورگەیەدا بۆ یەکەم جار چوار وەرزەکەی ڤیڤاڵدی ناسی. هێدفۆنەکەی لە گوێ دەنا و بەردەوام گوێی لە مۆسیقای بێ وشە دەگرت. تەنانەت کاتێکیش زۆر ماندووش دەبوو، لەسەر پشت پاڵ دەکەوت و گوێی لە مۆسیقا دەگرت تا دەنووستەوە.
وشە زۆربەی جار خیانەتمان لێ دەکا، تەنانەت ماندووتر و کاسترمان دەکا. زمان (زمانی قسەکردن) بە ڕادەی پێویست هەرگیز نەیتوانیوە کاریگەری هەبێت و بتوانێت هەست و نەستەکان بەتەواوەتی دەرببڕێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە تاقە ئامرازێکی توانادەری دەربڕینی غەیری زمان، مۆسیقایە.
مۆسیقا نابێ لاساییی ژیان و واقیع بکاتەوە بەڵکوو تەعبیرێک لە جیهانێک دەکا. واتە مۆسیقا دەبێ سەربەخۆ بێ، قابیل نەبێ بکرێتە هیچ زمانێک، هیچ گێڕانەوەیەک.
فەرهاد پیرباڵ بەو باوەڕەیە کە هەموو نۆتەیەک ناوەڕۆکێکی هەیە، کەواتە مۆسیقا پێویستی بە ئامرازێکی تر وەک وشە نییە بۆ بەیانکردنی خۆی.
شۆپنهاوەر دەڵێ: «مۆسیقا قسە لەبارەی شتەکانەوە ناکا، هیچ شتێک دەرنابڕێ تەنیا خەم و شادی نەبێ، کە تەنیا واقیعییەتەکی پەیوەندیدار بە ئیرادەی مرۆڤن، مۆسیقا ڕاستەوخۆ ئیرادە دەرووژێنێ». واتە؛ باڵاترین ڕاستییەکان هەر لە ناو هونەردا حەشار دراون نەک لە ناو زانست و قانوون و فەلسەفەدا.
فەرهاد پیرباڵ دەڵێ: گۆرانی هونەرێکە لە دەنگ و میلۆدییەوە سەرچاوە دەگرێ؛ دەبێ لەو شتانەوە دروست ببێ کە گوێمان لێیان دەبێ بێ ئەوەی هیچ قسەیەکیشمان بۆ بکەن، نەک لەو شتانەوەی کە گوێمان لێیان دەبێ قسەمان بۆ دەکەن. واتە؛ مۆسیقایەک بێ ئەوەی هیچ وشەیەکیشی لە دەم هاتبێتە دەر، دەتوانێ ناڕەزایی پیشان بدا، دەسەڵات و قانوونەکان و زوڵمەکان ئیدانە بکات بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیش بکەوێتە دەست پۆلیس.
مۆسیقاناسی ئەڵمانی «ئەدۆرنۆ» پێی وایە مۆسیقا شتانێکی تازە و نامۆ پیشان دەدات کە نەک تەنیا دەوڵەت بەڵکوو سەرجەم بەستێنە جۆراوجۆرەکانی تریش بیانەوێ سەرکوتی بکەنەوە.
بەڵام فەرهاد پیرباڵ پێی وایە؛ حکوومەتی دیکتاتۆر هەرگیز ناتوانێ هیچ بەڵگەیەکی قانوونی لەسەر تاوانی مۆسیقاڕ بە دەست بهێنێت، چوون مۆسیقا دەڵێ: من ئەو شتە ناڵێم کە ئێوە وا بیر دەکەنەوە کە گوتوومە، من مەبستم شتێکی تر بووە.
مۆسیقا هونەری دوا ڕۆژە، هونەری دوا ڕۆژی هەموومانە، هەموو ئەو میللەتانەی کە نیڵی سەر ئەسکوردیان بەتایبەتی لە کۆمەڵگە تۆتالیتار و فاشیست و دیکتاتۆرەکاندا ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێ، بواری ئازادییان کەمتر و ژیانی خۆشیان تەنگتر و تراجیدیتر.
مۆسیقاڕ دەتوانێت دەنگ بگۆڕێت و بیکات بە مانایەک، بێ ئەوەی پێویستیشی بە یەک وشە هەبێ.
سەرچاوە: مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی - فەرهاد پیرباڵ