دەف
دەف سازێکە لە سازە زەربیەکان لە مۆسیقای کوردی و ئێرانیدا (کورد دەفی بردە نێو مۆسیقای ئێرانی؛ کامکارەکان ئەو خزمەتەیان بە مۆسیقای ئێرانی کرد). دەف لە بازنەیەکی دارین دروست بووە کە پێستێکی پێدا دراوە و لە دیوی ناوەوەی کۆمەڵێک زنجیر یان بازنەی لێ هەڵواسراوە. پێستەکە بە زۆری پێستی ئاژەڵانە کە لەم ئاژەڵانە دەتوانین ئاسک و مەڕ و بزن و ماسی ناو ببەین، بەڵام ئەمڕۆ پێستی دەستکردیش بە کار دێت.
دەف لە سەردەمانی کۆنەوە لە کوردستاندا ژەنراوە. شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان (لە سەردەمێک بە دواوە دەف لە جەمخانەکانی یارساندا بە لاوە نرا) و هەروەها شوێنکەوتووانی ڕێبازی قادری لە سەردەمانی کۆنەوە دەفیان بۆ کۆڕی زیکر بە کار هێناوە. هەروەها چون لە ئایینی ئیسلامدا بە ئامێرێکی حەڵاڵ دادەنرێت لە مەولوودنامەکان و کۆڕی زیکردا بە کاری دەهێنن (حەڵاڵ و حەرامبوونی مۆسیقا و ساز بێ بنەمایە).
هەروەها لە زەماوەندی پیرشالیاریشدا دەف لێدان بەشێک لە ڕێ و ڕەسمەکەیە. لەبەر ئەمانە دەف جێگەیەکی تایبەتی لە کوردەواریدا هەیە و لەگەڵ سازی تەمبووردا بە سازێکی کوردی دادەنرێت و زۆرێک لە خەڵکی کوردستان ئاشناییان لەگەڵ ئەم سازەدا هەیە. تەنانەت لە ناو کوردەواریدا بە تایبەت لە نێوان شوێنکەوتووانی ڕێبازی قادریدا باوە کە کاتێک کە دەفێک دەشکێت، لەجیاتیی وشەی شکاندن، وشەی شەهید بوونی بۆ بە کار دەبەن. لە ساڵی ٢٠١٤دا فێستیڤاڵێکی گەورەی دەفژەنی لە شاری سنەی پارێزگای کوردستاندا بە ڕێوە چوو. بۆیە لە ئێراندا دەف بە ناوی کوردستانەوە ناسراوە و دەگوترێت کە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان ناوەندی سەرەکی دەفن و کورد و دەف پێکەوە دەناسرێن.