چیرۆکی گۆرانیی ئاخ فادکێ (فاتمۆکێ)

چیرۆکی گۆرانیی ئاخ فادکێ (فاتمۆکێ)

هۆنەر و بێژەر: هۆزان ئەحمەد سارگول

هەرێمی دێرسم- پولومور- گوندی ئاسگرەک و مەزرە


هۆزان ئەحمەد سارگول حەز لە کچێک دەکات، کچەکە نێوی سلتانە و خەڵکی گوندی ئاسگرەکە. ئەو کچە لەگەڵ کەسێکی دیکە ژیانی هاوبەش پێک دێنێ. هۆزان ئەحمەدیش لە داخی ئەوەدا دەچێت و دەبێتە دەزگیرانی کیژۆڵەیێک بە نێوی فادیمە (فاتمە) کە هێشتا منداڵە. فادیمە ١٣ ساڵیەتی و ئەحمەد بۆخۆی ٢٠ ساڵانە. پاش ئەوەی کە دەچێتە عەسکەری و دەگەڕێتەوە وەها پیلان دادەنێن تاکوو ٣ ساڵ دوای دەزگیرانییان ژیانی هاوبەش پێک بێنن و ئەحمەد بە دیوانەکەی خۆی دەچێتە شاران و لە زەماوەندەکان گۆرانی دەڵێت.

پاش مردنی باوکی ئەحمەد سمایلی مامۆی زۆری بۆ دێنێت تاکوو ژیانی هاوبەش پێک بێنێ و لە گوندەکەی خۆیان لەگەڵیاندا جێگیر ببێت. وەختێک کە ئەحمەد لە ستەمبووڵدایە هەواڵی پێ دەگەیێنن و دەڵێن: «سوننەتی براکەتە، بگەڕێوە!» ئەحمەد دێتەوە بۆ گوند و دەبینێت کە لە گوندی 'مەزرە' دەهۆڵژەن و بلورژەن بەرەو گوندی ئاسگرەک دەچن. کاتێک کە ئەحمەد لە دایکی خۆی دەپرسێت کە چ باسە، دایکی پێی دەڵێ کە ئەوا دەچن میمکت بێنن. چەن کاتژمێرێک دەرباز دەبێت و بووک بە سواری ئەسپێک دێنن بۆ گوند. کاتێک کە ئەحمەد دەبینێت کە هەوساری ئەسپەکە لە دەستی دەستەبراکەیەتی لە باسەکە تێدەگات و دەست بە گریانێ دەکا. نێوی بووکەکە فادمەیە و وەختێک کە دەچن بیهێنن فادمە هەڵدێ بەڵام دەچن بە شوێنی و دەیگرن و بە زۆری دەیهێنن و دەیکەن بە بووک. لەگەڵ سوننەتی براکەی ئەحمەد، زماوەندی ئەحمەدیش بەڕێوە دەچێت.

فادمە بووەتە بووک بەڵام هێشتا منداڵە و دەچێتە کۆڵان و لەگەڵ منداڵاندا خەریکی کایە کردن دەبێت و ئاگای لە زەواج و ئەوین نییە. یەکسەر هەڵدێت بۆ ماڵی بابی و هەڕچەن ئەحمەد دەچێت و دەیهێنێتەوە دیسان هەرکە فادیمە دەرفەتێک پەیدا دەکات هەڵدێت بۆ ماڵی بابی. ئەحمەد تەنها چارە لەوە دەبینێت کە ماڵ بار بکەن و بچن بۆ ستەمبووڵ.

لە ساڵی ١٩٨٦دا دیسان هەر لەو گوندە کچێکی دیکە بە نێوی فادیمە لە تەمەنی منداڵیدا دەدرێتە شوو. هۆزان ئەحمەد زۆر بۆ ئەو منداڵە دڵگران دەبێت و خەمی بۆ دەخوات و بە بیری ئەوە دەکەوێت کە هاوژینەکەی خۆشی لە تەمەنی منداڵیدا بە شوو دراوە. دەڵێت "ئاخ فادکێ (فاتمۆکێ)" و دەست بە ژەنینی دیوانەکەی دەکات. هۆزان ئەحمەد دەڵێت کە ئەو گۆرانییەم بەو هۆیەوە خوێندووە تاکوو کچ بە منداڵەتی بە شوو نەدرێن.

زۆرێک لە گۆرانیبێژان ئەو گۆرانییانە گوتووەتەوە، بۆ نموونە کارداش تورکلەر، مەسعوود دێرسمی، عەلی باران، ساشا سەراپ، سەلد باغجان، هۆزان سەردار، حەسرەت گولتەکین، یلماز چەلیک، عەلی حەیدەر گوچلو، بەشیر کایا، دژوار، نیلوفەر ئاکبال، خەلیل گوموش، ڕەزا ئاککوچ و گولستان پەروەر.