چیرۆکی گۆرانیی «کوردستان گەر تو نەبی»ی بەهجەت یەحیا

چیرۆکی گۆرانیی «کوردستان گەر تو نەبی»ی بەهجەت یەحیا

«کوردستان گەر تو نەبی»

لەنێوانی ئەو دوو وێنەیەدا هۆنراوەیەکم هەیە بیست و دوو ساڵ تەمەنیەتی، لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ دەربڕینی خۆشەویستیم بۆ نیشتیمان و پێکەوە گرێدانی زاراوەکانی زمانی شیرینی کوردی ئەم ئاواز و هۆنراوەیەم دانا بەئاگاداریی ئەم هاوڕێ هونەرمەندە بەڕێزانە، کاک گۆران کامیل و کاک نەریمان کەریم و کاک ئامانج یەحیا و کاک محەمەد عومەر دهۆکی کە خەڵکی دەڤەری بادینانە ئەرکی وەرگێڕانی هۆنراوەکەی بۆ زاراوەی کرمانجیی ژوروو خستە ئەستۆی خۆی. من بە سۆرانی ڕستەکانم ئەهۆنیەوە و ئەو هاوڕێیەم ئەیکرد بە بادینی.

ئەو کاتە لەنێوانی من و هاوڕێم کاک محمد عومەر دهۆکی دوودڵ بووم لەوەی کە ئایا هۆنراوەکە بەناوی کاممانەوە بێ، چوونکە هۆنراوەکە من دام نابوو بەڵام من کرمانجی نازانم. وە کاک محەمەد عومەریش کە وەری گێڕابوو، ئەو شاعیر نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە یەکێک لە دەرەوەی ئەم چیرۆکە بێت و خۆی بکات بە خاوەنی. یەکەم جار کە کلیپمان بۆ کرد ناوی شاعیرمان نەنووسی. نە من دڵم هات ناوی خۆم بنووسم، نە ئەو. بەڵام ڕاستیی تایتڵەکە بەم شێوەیەیە کە هۆنراوەی منە و ئەو هاوڕێیەم وەری گێڕاوە. بەم شێوەیە هۆنراوەکەمان دانا.

دوای ئەوە هاتە سەر ئەوەی تۆماری بکەین. لە خانووەکەی ماڵی باوکم ژوورێکم کرد بە ستۆدیۆ. بۆ ئەوەی کپ بێت، بە بزمار و چەکوش هەرچی بەتانیی ماڵەکە هەبوو هەموویم هەڵواسی بە دیوارەکانیدا و ئینجا تەسجیلێکی بەکرە و مۆنتاربۆ شکاوکمان پەیدا کرد و کاک نەریمان کەریم گۆرانییەکەی بۆ تۆمار کردین، بە خۆشەویستیی گروپی موزیک کارەکەمان بە ئەنجام گەیاند. شایەنی باس و جێی ڕێزە کە ئەم هاوڕێ هونەرمەندە بەڕێزانە کاک خالید ڕەشید موزیکی پێشەکیی گۆرانییەکەی داناوە و ئامری باڵەبانی ژەنیوە، کاک ئاسۆ عەلی حەبیب ئامری سازی ژەنیوە، کاک کامەران عوسمان ئامری دەفی ژەنیوە، خۆشم ئامری سازم ژەنیوە، شایەنی باسە ئەم هونەرمەندە ئازیزانەی کە موزیکەکەیان ژەنیوە تەنها خۆشەویستی و هاوڕێیەتی کۆی کردبووینەوە پێکەوە.

زۆربەی گۆرانییەکانم هۆنراوەی خۆمن. «کوردستان گەر تو نەبی» بەهێزترین هۆنراوەی من نییە کە تا ئێستا نووسیبێتم بەڵام لەبەر ئەوەی ناوی کوردستانی تێدایە زۆرم خۆشم دەوێت و زۆر گەورەیە لەلام. خەریکە لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەبێتە گۆرانییەکی نەتەوەیی. زۆر کەس ئەم گۆرانییەیان وتووەتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی خاوەنەکەی بکەن. بە ئارەزووی خۆیان هەندێ لە وشەکانیان گۆڕیوە. یەکێک لەوانە خانمێکی سنەیییە لە ئەمەریکا دائەنیشت. کە پرسیارم لێ کرد بۆ ئەم گۆرانییەی بەو دەردە بردووە و ناوی خاوەنەکەشی نەنووسیوە، زۆر داوای لێبووردنی کرد و وتی گوایە بەهرۆز ناوێک کە خەڵکی سنەیە ساڵی ٢٠٠٢ لە کرماشان خۆی کردووە بە خاوەنی ئەم گۆرانییە و بە دیاری داویەتێ، ئینجا پوورنازرییەکان هاتوون ئەم گۆرانییەیان لێ داوەتەوە کە هەر میلۆدیەکەی منە کەچی بە ناوی یەکێک لە خۆیانەوە بڵاویان کردووەتەوە. هەروەها هەڤاڵانی باکووری کوردستان وتوویانەتەوە بە هیچ شێوەیەک ناوی خاوەنەکەیان نەهێناوە. لەم دواییانەدا هونەرمەند شەهرام نازری ئەم گۆرانییەی وتەوە، ئاخۆ ئەگەر لێی بپرسن ئەم گۆرانیەت لەکوێ بوو؟ ئەبێ وەڵامەکەی چی بێت؟

ئەمانەش هەمووی لەلایەک لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکی ئازیزی خۆم هاتبوو ئەیوت گوایە «کوردستان گەر تو نەبی» هۆنراوەی ئەوە! یەکەم جار وام زانی سوحبەت ئەکات. کەچی دوایی تێ گەیشتم کە بە ڕاستییەتی! زۆر سەیرە شتێک سوور بزانیت هی خۆت نییە و بە موڵکی خۆتی لە قەڵەم بدەیت. من ئەتوانم لەسەر ئەم چیرۆکە زۆر شت بڵێم، بەڵام جارێ لێرەدا خاڵێک دادەنێم.


وەرگیراو لە فەیسبووکی هونەرمەند بەهجەت یەحیا