قاسپەی دەنگێکی هەورامانی

11/14/2026 | نووسەر: هۆمەر نۆریاوی

قاسپەی دەنگێکی هەورامانی

یەکەم: هەورامان، مەکۆی ڕەسەنەنترین نەغمە کوردییەکانە؛مێژووی هونەری کورد ئەمەمان پێ دەڵێت. ناخی هەر مرۆیەکی هەورامانی و بگرە خودی باڵندە و شاخ و داخی ئەم دەڤەرە لێوانلێو لە مێلۆدی و ئاوازی هەرەکۆن و ڕەسەنە و هێشتاکە هونەرمەندان (سترانبێژ و ژەنیار) وەک پێویست نەیانتوانیوە ئەم سامانە هەرەزەنگین و دەوڵەمەندە بە ئەرشیڤ بکەن و بیخەنە سەر گەنجینەی هونەری کوردی.

دوویەم: لە خەیاڵدان و یادگەی گشت مرۆڤێکی هەورامانیدا سووچێک دانراوە بۆ گۆرانیبێژێک کە سۆزی ناخەکەی ڕاست لە دەنگی ژەرەژ و کەوی سەر بەرزاییەکانی نیشتمان دەچێت. کە دەسترێت، هەموو هەورامان خۆی دەبێتە مێلۆدی و گۆرانیی کوردیت دە هێندە لەلا شیرینتر و لەبەردڵانتر دەبێت.

ئەم دەنگە خاوەنی ڕابردوویەکی گەشە و لە هەر شار و شارۆچکە و گوند و شاخ و پێدەشتێکی هەوراماندا زایەڵەی بڵند و جێ پەنجەی خزمەتی دیارە.

"جەهانبەخش غەففووری" یان هەمان "مامە بەخشە"ی لای هەورامانییەکان، بە یەکێک لە دەنگە شاز و ڕەسەنەکانی سترانی هەورامی دادەنرێت و شانبەشانی کەڵە هونەرمەندانی وەک عوسمان هەورامی(1935)، شەفیع کەیمنەیی(1942)، حەمەحسێن کەیمنەیی(1933)، جەمیل نەوسوویی(1946) و سەباح هەورامی(1962)، ڕابردوویەکی پرشنگداریان بۆ گۆرانیی هەورامی دروست کردووە و ئەمڕۆکە بە سەدان هونەرمەندی دی درێژەپێدەری ڕێباز و ڕێچکە هونەرییەکەی ئەم گۆرانیبێژانەن.

هونەرمەند بەخشە، بە یەک لە ئەستووندەکە سەرەکییەکانی ئاواز و مێلۆدی ڕەسەنی کوردی دادەنرێت کە لە هەورامانی سەرکەشەوە دەنگی بە هەموو نیشتماندا بڵاو دبێتەوە. هەفتا ساڵ ڕاژە و خزمەت بە گۆرانیی هەورامی بۆخۆی بەڵگەیەکی هەرەڕوونە بۆ سەلماندنی هەمان ڕاستی. عوسمان کەیمنەیی، جەمیل نەوسوویی و فەتحوڵڵا جوانڕۆیی(1952)، لە هاوڕێ هەرەنزیکەکانی ئەم هونەرمەندە دێنە ئەژمار کە پێکەوە دەیان گۆرانییان تۆمار کردووە.

زۆر جار مرۆ کە گوێی لە گۆرانییەکی بەخشە دەبێت، لە کوێی ئەم گەردوونە بەرینە بیت، ڕاست خودی هەورامانی بیر دەکەوێتەوە چونکە ئاواز و مێلۆدیی ئەم بەشەی نیشتمان لە سترانیدا خۆ دەردەخات. ڕاستە عوسمان کەیمنەیی بە "پاشای سیاچەمانە" دادەنرێت بەڵام بەخشەیش یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاچەمانەیە.

سێیەم: لەو نێوانەدا ئەوەی بەخشە لە گۆرانیبێژانی دی جیا دەکاتەوە، ڕووی لە وردەبەزم یان هەمان بەزمی چەپڵەیە لە نێو گۆرانیی هەورامیدا کە داهێنەرەکەی خودی ئەم هونەرمەندەیە و مۆرکی خودی خۆی پێوەیە. بۆیە بەخشەی هونەرمەند لە نێو گۆرانیی هەورامیدا بە سەرتۆپی بەزمی چەپڵە لە قەڵەم دەدرێت.

چوارەم: بەخشەی هونەرمەند ڕاستە خەڵکی گوندی "شۆشمێ"ی سەر بە شارۆچکەی دڵبزوێنی "نەوسوو"ە بەڵام هەر لە تەمەنی گەنجییەوە ڕوو لە شاری جوانڕۆ دەکات و بەشی زۆری تەمەنی لە قەڵای جوانڕۆدا تێپەڕ دەکات. هەر لەم ڕێگەیشەوە پێوەندییەکی پتەو لە نێوان دەڤەری جافایەتی -بە ناوەندێتی جوانڕۆ- و نەوسوو دروست دەکات و هەر لە ڕێی ئەم هونەرمەندەوە بە سەدان لاوی گۆرانیبێژی ئەم ناوەی نیشتمان، شوێن ڕێچکەکەی دەکەون و بە هەورامی دەسترن.

بەخشە بەدرێژایی تەمەنی، 50 گۆرانیی بە گوڵجاڕی سترانی کوردی دەبەخشێت. کرمان کرمانە، ئەی کەڵی ملبەرز، نەهیەی خاڵماوی، عەجەب فەڕ بەخشەن، گوڵە وەحاجی مریەم و ئاوەدان جوانڕۆ، لە سترانە دیارەکانی مام بەخشە دێنە ئەژمار کە بۆ هەمیشە لە یادگەی مرۆی ئەم دەڤەرەدا دەمێننەوە.

پێنجەم: هونەرمەند مامە بەخشە، یەکەم کەسیش دەبێت کە ئامێری دەف دێنێتە نێو گۆرانیی هەورامی و سۆزی نێو ئامێری دەف لە نێو تەکیە و خانەقا و مزگەوتەوە بۆ دنیای گۆرانیی کوردی دەگوێزێتەوە و هەر لەم ڕێگەیشەوە دەنگی گۆرانی و ئامێر ئاوێتەی یەکدی دەبن. ئیدی لێرە بەدواوە سترانی هەورامی پێ دەنێتە نێو قۆناخێکی دی و زۆر خێراتریش بە هەر هەموو کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە.

جێی ئاماژەپێدانە هونەرمەند جەهانبەخش غەففووری (بەخشە) ساڵی 1936 (1316ی هەتاوی) لە گوندی "شۆشمێ"ی نێزیک شارۆچکەی "نەوسوو"ی سەر بە شاری "پاوە"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبێت و سەرەنجامیش ڕۆژی 12ی گەڵاڕێزانی 2723 (2023) لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە شاری جوانڕۆ کۆچی دوایی دەکات و خاکی ئەم ناوەی نیشتمان دەبێتە دواهەواری.

ژێدەر:

1 - کەڵی ملبەرزوو هەورامانی، ماڵپەڕی فرات(ANF،نۆڤمبەری 2023)

2 - خاڵۆی ڕێبواری هونەر و جوانی، عوسمانی نووری(ڕێبین)، گوتاری نوێ

3 - بە ئیحترامی مامۆ بەخشە و بۆ هونەرمەندانی گەنج، محەمەد یەعقووبی، دەنگی نۆریاو

4 - باوەرین ئەو ساز شیوەن سەدایێ، پەیامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بۆ کۆچی تاهەتایی هونەرمەند بەخشە

5 - دەنگێک بە قووڵایی و پانتایی هەورامان، دەنگی نۆریاو