گیان وا بەهارە کەژ و کێو ڕەنگینە
دڵە خەمگینە بە تاسە و تینە
وەرە با سەیرێ لە کوردستان کەین
ئاوپرژێنیکی دڵی بە کوڵمان کەین
لە سەر ئارێزەوە با بڕوانم
بۆنەکەی خۆشە ئەگاتە گیانم
قیبلەکەم شاری سنەی سەربەرزم
خاوەنی شۆڕە جەوانی تەرزم
قیبلەکەم شاری کزی مل بە کوێن
گۆڕی پیرۆزی شەهیدان لە کوێن
با بچم دەستە گوڵی لێ دانم
دڵی داماوی لە بەر پێ دانم
گوڵەبارانی گڵی سمکۆ* کەم
گڵەبانانی دڵی پڕسۆ کەم
چەپکە شێعرێکی بڵێم بۆ سمکۆ*
تا وەکوو دەردی گران بێتەوە سۆ
هەی لێ هەی لێ هەی لۆ
دەبا بڵێین کوردستان گیانبازین بۆ تۆ
قارەمان تاجی سەری شێر پیاوان
ناوی تۆ بووتە سرودی لاوان
بێ تۆ بێ بابە هەتیوی سەنگەڕ
بێ وریشانەوەیە ئاگری شەڕ
کۆڕە کورسانی بە عەشقی مەیمان
هەموو گیانیان گڕوو سۆزەو پەیمان
ژیلەمۆی بێ گڕە پڕ سەودایە
ئاگری سووری لە بن سەردایە
لە بن ئەو ئاگرە سکڵی سوورن
مەشخەڵی نووری بەرەو ڕێی دوورن
هەی لێ هەی لێ هەی لۆ
دەبا بڵێین کوردستان گیانبازین بۆ تۆ
گیان گردی سەیوانی سنە کوچکەڕەشە
قیبلەگای هەر دەڵێ وا چارەڕەشە
ئازیەتی چارەڕەشی کوچکەڕەشی
یا وەکوو ڕەمزە لە بۆ چارەڕەشی
سوێند بە خوێنی گەش و سووری دڵی تۆ
لە جیای دەست و چەکی ژێر گڵی تۆ
بە هەزاران هەزار دەست و تفەنگ
هەڵ ئەگرسێنینەوە ئاگری جەنگ
تا ئەگەینە ئەوی ڕۆژی واڵا
شەنگە باڵا بشەکێنن ئاڵا
هەی لێ هەی لێ هەی لۆ
دەبا بڵێین کوردستان گیانبازین بۆ تو