پاییز پاییز
بووکی پرچ زەرد
من مات تۆ زیز
هەردوو هاودەرد
من فرمێسکم تۆ بارانت
من هەناسەم تۆ بای ساردت
من خەم تۆ هەوری گریانت
دوایی نایە دادم دادت
پاییز پاییز
شان و مل ڕووت
من مات تۆ زیز
هەردووکمان جووت
هەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین
بگرین بگرین چاومان نەسڕین