لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ دەڵێن شای گوڵان ڕۆیی
لە مەیخانە سەدای شین دێ دەڵێن پیری موغان ڕۆیی
دەڵێی دەوری فەلەک سەیری قەمەر میزانی گۆڕاوە
کە وا گوڵ زەرد و سونبول تێک چوو ڕەنگی ئەرغەوان ڕۆیی
لەبەر چاوی جیهانبینم جیان تاریک بوو نەمزانی
نە نووری چاوەکانم چوو نە خورشیدی جیهان ڕۆیی
مەڵێن بولبول مەناڵێنە کە وا گوڵ گوڵشەنی چۆڵ کرد
دڵ ئارامی نەما قوربان کە ئارامی دڵان ڕۆیی
سەرحەر مەستانە هات بولبول بە شادی بۆ تەوافی گوڵ
کە دی باغ بێگوڵە داغ بوو بە سەد ناڵە و فوغان ڕۆیی
بەهار هات غونچە پشکووت دەنگی بولبول سوو بە سوو ڕۆیی
دەبێ حاڵی چ بێ بولبول بەهار زۆر پێ نەچوو ڕۆیی
شین و ڕۆ چ هاوارە لە نێو حەڵقەی مریداندا
مەگەر خواجەی سەمەرقەندی لە نێو ساحێب دڵان ڕۆیی
بە ناڵەی بولبول و قومری وەفایی بۆیە هەر دەگریم
گوڵێکی سەرو باڵام بوو بە تاراجی خەزان ڕۆیی
هۆنراوە: وەفایی