حەمە جەزا

کوڕی بابەگوڕگوڕ

بە دەنگی: حەمە جەزا
شێوەزار: سۆرانی
346
ڕێگە چۆڵ کەن هەستنە سەر پێ
وا ئەسپێکی سپی یاڵ سوور
لە پێدەشتی کەرکووکەوە ئەحیلێنێ و بۆ ئێرە دێ
ئەی ئەسپەکەی تەوێڵ ماروی گەرمیانم
ئەوەی بەفر و گڕ و شەپۆلی ناسیبێ
ئەوەی شمشێری بروسکە و با و بۆرانی کێوی دیبێ
تۆ ئەناسێ
تۆ ئەناسێ
ئەی ڕەشەبای لە پاشکۆدا خۆر سوار کردوو
ئەوەی جارێ گوڵاڵە سوورەی چاوڕەشی ڕەحیماوا و مناڵانی سەر قۆچکەتاشی لەیلان و کێڵگەی برسی دووزی دیبێ
تۆ ئەناسێ
تۆ ئەناسێ
کۆ بنەوە و هەستنە سەر پێ سەر هەڵبڕن
بازێک شەڵالی خوێناوە و تۆزێکی تر بەمناوەدا تێ ئەپەڕێ
ڕووەو قەندیل بەسەر هەورازی شەختەدا نزم ئەفڕێ
هەتا ئەگاتە سەر لوتکە و ئەچێ لەوێ و لە پەڵە خوێنی نازمدا بە هێواشی ڕائەکشێ
ڕێگە چۆڵ کەن هەستنە سەر پێ
زریان گڤەی ون کردووە و بۆی ئەگەڕێ
گرمیان کوورەی کاوەیە و جۆش دراوە
تەماشا کەن هەرچی گردۆڵکەی پێدەشتی لەش چنراوە وەکوو دایکانی وڵاتەکەم بنچکی قژ و ئەگریجەی گژ و گیایان لە ملیاندا ئاڵۆسکاوە
مامە ڕیشە ئەی پڵنگی چنگ بە گڕی گەرمیانم
بەیتی تازەی توحفەی ئەمڕۆی کوردستانم
لە ماڵانی گوند بە گوندی هەڵقرچاوا
تۆ قوتیلکەی بەر هەیوانی
داسی دروێنەوە و هەتاوی سەر بانیژەی زستانانی
مانگەشەوی هێشوی ڕەزی، هاژەی چەم و وژەوژی دارستانی
ئاگری شوانی، وەکوو باران وەکوو کانی وەک دەغڵ و دان خۆشەویستی
تۆ کوڕی بابە گوڕگوڕی، داستانێکی سەدی بیستی

هۆنراوە: شێرکۆ بێکەس