شەوانە ئەو دەمانەی شەو دەگاتە کاتی نیوەی شەو
خەڵک نووست و لە چاوی من کەسەر دیسان ڕەواندی خەو
سکووتێکی بەسام سەرتاسەری ئەم دێیە دادەگرێ
دەڵێی هەر زیندەوارێکی هەیە لەو دێیەدا دەمرێ
تەک و تەنیا بەئارامی دەچم بۆ گردەکەی بەر دێ
بەدڵتەنگی و کز و خەمناکی ڕادەکشێم لەسەر بەردێ
دەکەم جا سەیری ئەستێران و هەڵدەمژم شنەی شەوبا
شەو و بێدەنگی چەند خۆشە، هەمیشە خۆزگە هەر شەو با
وەکوو ئاواڵی چاک ئەستێرەکان گوێ ڕادەدێرن بۆم
هەتا بۆیان بەیان کەم موو بەموو ڕازی دەروونی خۆم
کوڵم هەڵدەستێ ئەو جارە و لەبەر دەردم دەناڵێنم
هەتا ئاوری دڵم دەکوژێتەوە ئەسرین دەبارێنم