دوێنێ شەو بینیم لە خەوێ
لەسەر جێی بەر مانگەشەوێ
خۆم خزاندە سەر جێی فێنک
نەمهێشت بەر هەناسەم کەوێ
قژی خاوی
بالێداوی، ئاڵۆزاوی
جار جار دایدەپۆشت لاچاوی
خوایە گیان چەندم خۆش دەوێ
زۆر بە ئەسپایی و بە نەرمی
دەمم برد بۆ لێوی گەرمی
چاوی هەڵهێنا و پێی گوتم
خەونم ئەدی تۆ هاوسەرمی
نەیهێشت هەستم
گرتی دەستم، لێوی گەستم
موچڕکێکی خۆشی دایگرت
سەرتاپای هەناو و هەستم
پێکڕا تا مەلا بانگدانێ
تێکئاڵان و دەس لە ملانێ
لە ناکاو دەنگی مەلای هات
دایبڕیم لە بەژنی جوانێ
بە سەرسامی
بە ناکامی، بێ ئارامی
بەجێم هێشت بەهەشتی خەونم
چاوم پڕ بوو لە گریانێ