باست حەمەغەریب

مامە کوڕنوو

بە دەنگی: باست حەمەغەریب
شێوەزار: سۆرانی
1084
مامە کوڕنوو، ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم
سەر ڕەحەت، دڵ بێ گرێ، گوێ شل کە بۆ داستانەکەم
سەیرە، بەزمە، هەڵپەڕینە، پڕ لە قاقا و خەندەیە
نەعرەتەی گوێ کەڕ ئەکا، جۆش و کوڵی سەیوانەکەم
ئەرخەوان سوورە، بەهارە، گوڵشەنە، ڕازاوەیە
دەشت و کۆ ڕەنگین و پڕشۆیە وەنەوشەی یانەکەم
خەرمەنی لالە لە کۆهساران و پێدەشت و نشێو
سوورترە لەو خوێنە باریوەی کوڵی گریانەکەم

دلبەران سرک و بەناز و ڕەوتی نەرم و ئیستەکەی
سەد توانج ئەگرێتە ئاهووی دەشتەکەی شێروانەکەم
هەڵبڕە چاوی نومایش تێر سەرنجی ورد بدە
وەک بەجێت هێشت وا نەماوە شارەکەی جارانەکەم
ئەو بەهارەی تۆ بەجێت هێشت پڕ برینی تازە بوو
پڕ لە ئافاتی لەپڕ بوو بۆ گوڵی ئینجانەکەم
ئەو گوڵەی ئاواتی کورد بوو بێتە پشکوتن دەمێ
ڕایوەشێنێ بای شەماڵی نەرمی کوردستانەکەم

ئەو کەسەی دەستی ئەنایە بین و قوڕگی ئەو گوڵە
چنگی خوێناوی ئەنایە ناو دڵە پڕژانەکەم
ئێمە ئارەق ڕشتن و بازوو وەشاندن، بێ خەوی
ئەو گڕ و پشکۆی ئەخستە ژێر بنی خەرمانەکەم

ئێستە وا خۆی دائەنێ بۆتە فریشتەی ئاسمان
بۆتە دوکتۆر و برینپێچی برینی گیانەکەم
مامە کوڕنوو چی بڵێم زیاتر لەوەی «خالس» ئەڵێ:
فێست و ڕێوی و مێزەر و مەیموونە سەیری بانەکەم
وەک وتم: سەیرە لە بانە... یا وەکوو «نالی» ئەڵێ:
زیندەگیم تاڵە کە زەلکاو بێ بە تیمارخانەکەم!

کوڕنوو: ئەحەی کوڕنوو، ناوی ئەحمەدی کوڕنووە لە زەمانی کاک ئەحمەدی شێخا نۆکی کوڵانووە، لەبەر ئەوەی پیاوێکی خۆش مەشرەب و قسەخۆش بووە و حەرەکاتی سەیر و سەمەرەی کردووە و بۆتە هۆی بەزم و پێکەنین و خۆشی، کاک ئەحمەد بردوویەتی بۆ حەج. پیاوێکی عاقڵ و هۆشمەند بووە و گاڵتەی بە ناهەمواری زەمانە هاتووە. خەڵکی شاری سلێمانی بووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە.
گردی سەیوان: بەناوبانگترین گۆڕستانی شاری سلێمانییە کە ژمارەیێکی زۆر لە زانایان و شاعیرانی کورد لەوێدا نێژراون.
سەر ڕەحەت: مێشک هێمنە و بە هیچ کارێکی ناڕەواوە خەریک و ماندوو نییە.
گوێ شل کە: گوێ بگرە.
نەعرەتە: بۆ دەنگ و هاوارێکی بەرز و بەهێز بەکار دێت و وەک ئەڵێن: نەعرەتەی شێر یا نەڕەی شێر.
پڕ شۆیە: تەڕ و تووشە.
یانەکەم: خانەکەم، خانووەکەم.
سرک: ڕانەهاتووە، دەستەمۆ نەبوون.
ئێستەکەی: وەستانێکی ساتەوەختی.
دەشتەکەی شێروانەکەم: مەبەست لە دەشتی گەرمیانە و کەوتۆتە نێوان قەڵای شێروانەی لای دەربەندی خان و کفری و کەلار.
چاوی نومایش: چاوی بینایی و تەماشا کردن.
شارەکەی جارانەکەم: مەبەست لە شاری سولەیمانیی نازدار و پیرۆزە.
پڕ لە ئافاتی لەپڕ بوو: واتە پڕ بوو لە زیان بەخشین و کاری ترسناکی کۆت و پڕ... زۆر جار ئەوترێ: ئەم لافاوە بێ ئافات، بێ واتە، بێ زیان و بێ ترس بێت، بێ وەی بێ.
بێتە پشکوتن دەمێ:
دەمێ: واتە بۆ ساتێک بپشکوزێ.
بێ خەوی: بێداری، بە خەبەر، لێرەدا بە واتای ئێشک گرتن دێت.
خالس: نازناوی شیعری شاعیر.