حەیران دەڵێم ئای ئای ئای
بابە من دەڵێم حەیران ئەوڕۆکانێ لە خۆم لێقەوماوێ پاییزێ ئەوساڵ هەر بۆ من ئاخ و دەردە
وەرن دۆستان ڕەفیقان برادەران پیاوچاکان زەینێ خۆ بدەنێ بزانن ڕەنگێ من بۆ وا زەردە
ئەوە پاشی حەوت ساڵ دڵداری نازدار حەیرانێم دەڵێ بڕۆ دەستم لێ بەردە
خۆ من دەڵێم ناتوانم بڵێم نە هیچی تۆ نە هیچی من
باڵا دەڵێی لەولاوە کەپۆی ناسکە غەزێمی تێدا ڕوومەتی دەڵێی مەهتابە نا وەڵا دەڵێی مینای ئەی ئای ئای بێ گەردە
حەیران دەڵێم ئای ئای ئای ئای ئای ئای بابە من دەڵێم حەیران ئەوڕکانێوە نەخۆش و گەلێ بێزارم
دەڵێم نازدار حەیرانەکەی خۆم مەڕۆ برینانم ساڕێژ بکە بە کوڵمی گەشت بە لێوی دە ئاڵت
بە خودای ئەوساڵەکانێ گەلێ بریندارم
ئەوە هەموو ڕۆژی جومعانێ دەچمەوە سەر مەرقەدی شێخی بورهانی دەبا ویش گوێی لێ بێ لە گریە و هاوارم دەڵێم یا شێخەکەی بورهانی تۆ بی ئەو خودایە بۆم بپاڕێ لای خوداوەندی تەباڕەک و تەعالا
ئەوساڵی ڕابرد لە من لە کەس نەقەومێ هەزار و هەزار جار خۆزگە بە ساڵەکەی پارم
ئەوە لە برادەران و دۆستانم وەسیەت بێ ئەمن مردم خێرە بڵێن بە نازدار حەیرانەکەی خۆم ئەگەر جارێک بێتەوە سەر خۆی ئێی ئێی ئای سەرمەزارم
حەیران دەڵێم ئای ئای ئای
بابە من دەڵێم حەیران ئەمڕۆکانەوە لە دەست عاشقان ڕاوە ڕاوە ماچ دەکەن یەکتری نۆبە بە نۆبە
خۆ من دەستم داوەتە دوو دەستێ وێ نازدار حەیرانێ خۆم پێ لە گوناحی خۆم دادەنێم ئەگەر نەیدرکێنم ئاگری دەگرم وەک سۆبە
جا ئەوە لە خوداوەندی میر و مەزن دەپاڕێمەوە نازدار حەیرانێ بە نسیب کا تازە ناکەمەوە کاری ناڕەوا عەهد و پەیمان دەبەستم لەگەڵ ویژدانی خۆم ئێی ئای ئای تۆبەوە
حەیران دەڵێم ئای ئای ئای
بابە من دەڵێم حەیران ئەمڕۆکانێوە بەهارە گیا شین بوون لە مێرگ و باسکان سوێسن و هەڵاڵە و بەیبوون و گوڵە گەزیزە سەریان وەدەر ناوە کێژۆڵانیش دێن لە بۆ چیایێ وەدەرکەتن لە گوندی ڕێچکەیان دا بە زەرد و سوور و شین و تەسکان
ئەوە نازدار حەیرانێم دیارە لە نێوان کیژۆڵان سوور دەچی دەڵێی گوڵە مەمۆیە بەسەر شانی دا بەر بوونەتەوە شابسکان
ئەمن دەڵێم براینە برادەرینە لە داخی زێد و نیشتمانم بەهارێ ئەوساڵێ لە بۆ من زستانە کوێر بم لە چاوانی بڕژێنم ئۆی ئەی ئای فرمێسکان
حەیران
بابە من دەڵێم حەیران ئەوڕۆکانێ من دەربەدەرم من لە خۆم دەربەدەرم
خۆ من کار و پیشەم هەموو مەغریبانە دەست بە ئەژنۆ دادەنیشم هەتا وەکوو مانگ لە ئاسۆ دێتە دەرێ
دەڵێم ئەی مانگ تۆ بی و ئەو خودا سەد جاران خەرمانەت داوە کە گورگ و مەڕ یەکڕا ئاوێ دەخوا لە حەیفان ئەمما شەیاتینێ ناگەڕێ
خۆ من دەڵێم براینە برادەرینە ئەوە دوگمان لێک دەکا بۆ بەیانان و ئێوران جارێک مزڵ و قۆناغی ئێی ئێی وەرگەڕێ
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای دەکەوت لە سەرووی زەنوێران
بای شەماڵ تۆش بە خێر بێی هێنات ئازیز ئای بۆنی بەڕەزا و کەنێران
نازدار بێنە ڕاتمووسم وەی وەی ئای هەر ئەوشۆم ماوە لێرە
نازدار بێنە ماچت کەم بمرم ئای هەر ئەوشۆم ماوە لێرە
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای لە دوور دی شەقەی باڵی
بۆ هەر لایێ بە کەیفی بێ دەڕوا ئای هەزار خۆزگەم بە حاڵی
نازدار بێنە ماچت کەم بمرم ئای چونکە گەورە کچی ماڵی
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای دەکەوت لە سەرووی زەنوێران
بای شەماڵ تۆش بە خێر بێی هێنات ئازیز ئای بۆنی بەڕەزا و کەنێران
نازدار بێنە ماچت کەم بمرم ئای هەر ئەوشۆم ماوە لێرە