مەرزیە فەریقی

هیوا مەگری

بە دەنگی: مەرزیە فەریقی
شێوەزار: سۆرانی
646
هیوا مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵدە، بەس بگری
لە چاوی بێ قەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی
کوڕی خۆم! کۆرپەلەم! میوانی دنیای تازە خوڵقاوم!
ئەدا گریەت بە زەربەی چز لە ڕۆحی پڕگلاراوم
چییە ئەم گریە بێغایە، کڕووزەی نیوەشەو خورپێن؟
چییە ئەم قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئال ئەڕژێن؟
چییە توخوا؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی، لە مەعنای گریە نازانی
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت زەهرت بچێژایە،
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە،
حەقت بوو عەرش بلەرزێنی بە ناڵەی ڕۆحی پڕ ئێشت،
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵی ڕێشت!
حەقت بوو بێ وچان بگری بە سەرتاوانی باوکیما
بەحر پڕ کەی لە تف بیدەی بە ناوچاوانی باوکیما!
بەڵام ڕۆڵەم کە تۆ ئێستا لە فەجری زیندەگانیتای
لە بەر دەرگای تەلیسمی بەختی مەجهوول و نیهانیتای،
بە چی مەعلووم بە شوێنی هیی منا ئەڕژێ چەمی عومرت؟
سەراسەر پێکەنین و خوڕڕەمی نابێ خەمی عومرت؟
بەڵێ، بەرخم! ئەگەرچی هەر وەکوو یەک ژینی گشت لایە
لە بەینی بێشکە وو قەبرا بڕینی عەینی ڕێگایە!
هەموو هەر قافڵەی بێ ئیختیاری سەرزەمینێکین
هەموو دێین و دەڕۆین، تاکو ئەگەین، یەعنی ئیتر ئەمرین،
وەلێ کۆچی ژیان کۆچێکی پڕ سیحر و پڕ ئەفسوونە:
لە یەک سەرچاوە دوو قەترە: یەکێ لێڵە، یەکێ ڕوونە
هەیە وەک من بە سەر دڕکا ئەنێ هەنگاوی ئاوارە
هەیە هی وایش کە فەرشی ژێری پێی ئاوریشمی گوڵزارە
ئەوەندەی ڕۆحی مەئیووس و مەلوول تاریک ئەکا دنیا،
ئەوەندەش نوور لە ڕۆحی شادەوە ئەڕژێ بە سەر سەریا!
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری لە ئێستاوە!
بەچی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟