لەبەر مەیلی مەیی عیشقی تۆوە یاری وەفادارم
لە تەکیە و خانەقا دەرچووم خەریکی دەیر و زینهارم
لە حوببی تۆ لەلای ئەو عالەمە کافر بووم گەرچی
کە نازانن لە عەینی کوفرەوە ئیسلامییە کارم
ئەگەر سەدجار دەرم کەی قەت بەبێ تۆ سەبرەکەم نایێ
بە زوویی دێمەوە دەرگانەکەت ئەی دۆست ناچارم
لە بەدکرداری من ڕوو وەرمەگێڕە ئەی شەهی خووبان
کە تۆ ڕوو وەربگێڕی کەس نییە گەر بێتە غەمخوارم
لە دووریت لەزەتی من پایەماڵی زیللەتە هەر دەم
حەیاتم بێ جەماڵی تۆ مەماتی ژینە ئەی یارم
ئەگەر شەمعی ویسالی تۆم نەبێ ڕۆژم شەوی تارە
بینایی نووری چاوانم ئەتۆی ماهی زیادارم