مناڵەکان!
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان
سبەی ئێوە کە پێئەگەن
لە لاوکا، لە حەیرانا
لە مزگەوت و دیوەخانا
لە چیڕۆکا
لە هۆنراوەی شاعیرێکی ترسنۆکا
ڕەنگە زۆرتان بەرگوێ کەوێ
باسی ئێمە و ئازایەتی
بەڵام نەکەن بڕوا بکەن
هەمووی درۆن، درۆی پەتی!
مناڵەکان
مناڵەکان
ئێمە تووشی سەد کوێڕەڕێین
چرای بیرمان ئێجگار کزە
هەنگاوی کوێرانە ئەنێین!
مناڵەکان!
لە وانەکانی دوێنێما
گوتم ئێمە، لەوەتی هەین
درۆ لەگەڵ خۆمان ئەکەین
لە ژینمانا
لە کردەوە و نووسینمانا، بێ فەلسەفەین!
ئەمەم گوت و دنیا ڕما
هەوری تانە بەرەو ئاسۆی بیرم جما!
مناڵەکان!
توخوا بچن بپرسن لێیان
بپرسن لەوانەی چاویان تینی ناگاتە بەر پێیان
مەترسن، بپرسن، بڵێن:
لە سەفەری دوورگەی خوێنا
بۆ مناڵان چیتان هێنا
پێمان بڵێن، چیتان هێنا!؟
ئەوەی دەنکەگەنمێکی چاند
گوڵەگەنمی دروێنە کرد
ئەوەی دڵۆپێک خوێنی چاند
تابلۆیەکی بۆ خۆی نەخشاند
ئەوەی تەنیا هاوارێکی لە دەم دەرچوو
گوێی لە سەدای دەنگی خۆی بوو
کەچی ئێمە
کاسەسەر و چاو ئەچێنین
بارانی خوێن بەسەریانا ئەبارێنین
هێشتا وەرزی دروێنەشمان دیار نییە
تا گوڵەگەنمێک کێڵگەی ئەو خوێنەشمان دیار نییە!
مناڵەکان!
زۆر لەمێژە دایکەکانی ئەم وڵاتە
مەمکەکانیان
شیری سەربەستی تیا قاتە
زۆر لەمێژە کێوەکانی ئەم وڵاتە
پێغەمبەرێکیان تیا قاتە!
مناڵەکان!
لە ئاگردانی چاوتانا
من چاوەڕێی زەردەشتێکم
بێ، جێ بەو بتانە لەق کا
من چاوەڕێی
چەخماخەی ئاڤێستایەکم
بێ جەرگی تاریکی شەق کا