هاڕەی ئێف شازدەم دەگاتە بەر گوێ
لرفەی ئاگری زارکی دۆزەخ و
بۆنی دووکەڵ دێ
هەشتا ملیۆن چاو ڕووەو ڕۆژاوان
چاوەڕێی خۆرن، لەوێوە هەڵدێ
هیوای جارانم
بە مەزادخانەی مافی مرۆڤ بوو
دەناورامەوە بێتە هیمدادم
دەیانپرسی کێی؟
دەمگوت: «چیای من بوو پەنای نووحی دا
من قەد و چڵی داربەڕووی مادم»
بەڵام، لەمەولا
ئەگەر بپرسن لە ڕەچەڵەک و بنج و بنیادم
سەر بڵند دەکەم
دەڵێم: «هاوخوێنی پڵنگەکانی عەفرینگرادم»