شەوان کە ڕێبواریم دەکرد
بە ناو دێی لاپاڵ چیا و هەردا
حەزم هەڵەستا خۆی دەکرد
بە ناو کۆلانکەی ڕەنگ زەردا
دەمگوت داخوا چ نازدارێک
ئێستە لە خەوی خاودایە
بە خەیاڵ لەگەڵ چ یارێک
لە باوەشی کام لاودایە
منیش خۆمم هەر بە خەیاڵ
دەکردە ئەو شۆڕەسوارە
دەممژت لچی ناوەڕاست چاڵ
دەملێستەوە و هەڵمدەپشافت
سەرتاپای ئەو لەش و لارە
لە لوتکەی خەیاڵی مەستی
لەپڕ ڕاچڵەکیم بە سەگوەڕ
بە دڵساردی و غەم و پەستی
جێمهێشت ئاوایی و ئەو دیارە