هەزار بریا من دەمزانی
ئەم ئاسمانە ئەگەر چەترە
هەتا کەیە هەڵدرانی؟
ئەگەر دەریای هەڵواسراوی سەرنخوونە
کەیە ڕۆژی قیامەتی هەڵڕژانی!؟
گەر جامخانەی ئەستێرانە
نەکا ڕۆژێک ئەستێرەیێک
کەللەشەق و یاخی و لاسار
سنووری خۆی پێ تەنگ بێت و
بە یەک پلار
جامخانەکە داڕمێنێ و
ئەستێرەکان تووڕ داتە خوار!