عەبدوڵڵا پەشێو

کەرکووک

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
522
ئەوەی لەملا «قودس»تان بوو
لەولاش «دڵ»تان
وا لە سایەی تەخت و تاجی ناو زبڵتان
بۆتە مانگای هەمیشە گوان پڕ نەوت و خوێن
بژیوە بۆ قەوچەقەوچ و کەفوکوڵتان!
چما کەرکووک چۆتە سەر مانگ تا بێتەوە
یا سوورگومە وەکوو مێشکی قانگ و بڵتان!
کەرکووک ڕەگە و دانابڕێ
خۆتان لە ڕەگ دابڕاون
لک بە لک و چڵ بە چڵتان
گڕکانی ڕک هاتۆتە جۆش
ڕک لە خۆتان
لە کاژەڵەی کەللەی کلۆر
لە فایلتان
لە پردی سیراتی دێگەڵە
لە بارەگا و بنکە و منکەی سەرمەڕمەڕی بنکاولتان
ڕک لە شوورەی باخ و مەزرا
لە دیواری حەرەمسەرای بێژماری قل بە قلتان
لە پۆزلێدان
لە زمانی لووشکەوەشێن
لە گفتاری بێ هەوساری کاڵ و کولتان
کەی بەرۆکمان بەردەدەن کەی
حیلکەحیلک و موسەلسەلی کۆبوونەوە و گەردوخولتان؟
کەی دوایی دێ زرمەزلێی «تۆم و جێری»
پایدۆست دەکا گرمەی ئاشی چەنەی شلتان؟
کەی شاشەکان دەسێنەوە
لە دەستگێڕ و دەڵاڵانی دەرپێی مێژووی گەڕ و گولتان؟
دوای چارەتان
بە سەد ساڵیش دەرباز نابن ئاو و هەوا
لە دووکەڵ و تەپکە و سلتان
شیعر ناڵێم زاربەند بۆ دەم دەهۆنمەوە
شیش بۆ قەفەز دادەڕێژم تۆق بۆ ملتان
ڕەگی حەمرین وا جۆش دەدەم بقریشکێنێ:
«گوو بە خۆتان گوو بە ماددەی سەدوچلتان»
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد