لالۆ ڕەنجدەر

بەندیخانە

بە دەنگی: لالۆ ڕەنجدەر
شێوەزار: سۆرانی
192
ئەی بەندیخانە تا کەی ئەمێنی

لاوانی گەلمان ناو خۆت ئەچێنی

وا بووی بە ژووری قووڵ و تەنگنەفەس

لە بۆ میللەتی هەژار و بێکەس

دیوارەکانت هەر وەک پۆڵایە

ژوورەکەت تاریک وا بێ چرایە

ئەی بەندیخانە تا کەی ئەمێنی

لاوانی گەلمان ناو خۆت ئەچێنی



کەلەبچە و زنجیر لە دەست خراوە

دەرگای زیندانمان لێ داخراوە

لێدانی قامچی نانی شەومانە

پەتی سێدارە لە گەردنمانە

ئەی بەندیخانە تا کەی ئەمێنی

لاوانی گەلمان ناو خۆت ئەچێنی



ئێش و ئازاری برینداری بەند

هەڵئەگیرسێنێ ڕاپەڕین و جەنگ

ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە

بۆ نەهێشتنی ئەو فاشستانە

ئەی بەندیخانە تا کەی ئەمێنی

لاوانی گەلمان ناو خۆت ئەچێنی



بێ شک بزانە ئەی بەندیخانە

ئەتکەینە جێگای گوڵ و ڕەیحانە

تێک ئەدەین دەرگا و دیوارەکانت

پەت ئەخەینە مل جەلادەکانت

ئەی بەندیخانە تا کەی ئەمێنی

لاوانی گەلمان ناو خۆت ئەچێنێ