بە تەنیا جێم مەهێڵن، ئەمشەو زریان دەمچێنێ
تەم و مژ دامدەپۆشێ، مانگەشەو دەمڕفێنێ
کێ ئەیزانی مەلینە، ئاوا دەتانتارێنن
باڵی هەزارتان دەبڕن، شارێکتان دەخنکێنن
کێ ئەیزانی بەهاریش، شەختە و زریان دەهێنێ
چاوی لێمان دادەخا، چڕۆکان دەوەرێنێ
بە تەنیا جێم مەهێڵن، ئەمشەو زریان دەمچێنێ
تەم و مژ دامدەپۆشێ، مانگەشەو دەمڕفێنێ
کێ ئەیزانی کە ئاوا تەناف هەڵخەن بۆ شارێ
دەستی شەقامیش ببڕن، کۆڵان بدەن لە دارێ
لاوێکی شەرمەون بووم مێشکم دەدرا بە ماران
ئێستاش کە پیر و ماندووم دەرم دەکەن لە شاران
بە تەنیا جێم مەهێڵن، ئەمشەو زریان دەمچێنێ
تەم و مژ دامدەپۆشێ، مانگەشەو دەمڕفێنێ
کێ ئەیزانی کە ڕۆژێ من ئەکرێم بە گۆرانی
دەمەو بەهار دێمەوە دەچمە ناو ئاوی کانی
گەرووم بە گزنگ تەڕ کەن، زامەکانم بە شیلان
بە گۆرانی دامپۆشن یا بە سەوزی دارستان
بە تەنیا جێم مەهێڵن، ئەمشەو زریان دەمچێنێ
تەم و مژ دامدەپۆشێ، مانگەشەو دەمڕفێنێ