هۆمەر دزەیی ‌

کوردستان - هۆمەر دزەیی و لارە

بە دەنگی: هۆمەر دزەیی ‌
شێوەزار: سۆرانی
345
کوردستان جێگای بەچکەی شێرانە
جێگای هەوارگەی کورد و گۆرانە
خوایا هەر خۆش بێ، بۆمان تا سەر بێ
پاشماوەی خاکی ماد و بابانە

خۆشترین جێگای ڕووی سەرزەمینە
بەهەشتی ئاوای ڕۆژی دوایینە
خوایا ئاوا بێ نەیکەی وێرانە
چەندە دڵگیر و جوان و شیرینە

پڕ لە شاخ و کێو، چیا و ڕووبارە
هەمووی سەیرانگای گوڵ و گوڵزارە
چوار وەرزی لەلا هەر وەک بەهارە
بۆ هەرلا ئەڕۆی هەر مێرگ و زارە

گەر باوەڕ ناکەی هەستە بێرە لام
بتگێڕم بە ناو پێنجوین و پیرمام
بتبەم بۆ سۆلاڤ، بۆ پیرەمەگروون
شەقڵاوە و قەندیل، با بتکەن سەرسام

تێر تێر بنۆشە ئاوی سازگار
هەڵمژە هەوای پاکی ناو نزار
لە دەردیسەری دنیا بیت ڕزگار
لە ئێش و خەفەت لە داخ و ئازار

هەرکەس نەیدیبێ خاکی کوردستان
نازانێ مانای ژیانی ئینسان
نازانێ چییە مانای دڵداری
نازانێ بۆچی هاتۆتە جیهان

هەروا ئەزانێ ئەم سەرزەمینە
جێگای خواردن و خواردنەوە و ژینە
نازانێ خۆشی دیمەنی جوانی
خاکی کوردستان چەندە ڕەنگینە
ناردنی دەق: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد