دەمەوێ لەگەڵت بدوێم و دڵم نایە
ئەی کۆترە باریکەی سەرشین و باڵ خوێناوی
نازانم بەو نامەیە دەتکولێنمەوە یا دەتلاوێنمەوە
ئەی ژیلەمۆی دامرکاوی شەش سکڵی سوور
ئەی یادگاری خۆشەویستترین خۆشەویستەکانی کوردستان
ئەی ژنە پێشمەرگە، ئەی پێشمەرگەی ژن
دەسا نەرمەناوێنەکە گەردنی شووشت شۆڕکەوە و بڕوانە ئاوێنەی چەم
وێنەی چوار کەلەبچەت دەخاتە بەردەم
دەسا ئەی کۆترە باریکەکە باڵ بوەشێنە
سنوور بپەڕێنە و چاوی فرمێسکاوی هەڵێنە
لەمپەڕ تا ئەوپەڕی کوردستان گۆمی خوێنە
ئەی پەپوولە زێڕینەکە داگیرکەران لەسەر نەخشەی جوغرافیا چوارمێخەیان کێشاوی
دەسا هەوڵێ، هیممەتێ، خۆت ڕاچڵەکێنە، داوی دیلی بپسێنە
خوار و ژوور، گەرمێن و کوێستان
لەم گوڵ بۆ ئەو گوڵ، لەم چڵ بۆ ئەو چڵ بفڕە و بنیشەوە
بۆنیان پێوە کە و بینیان پێوە نێ
هیچیان مەدوێرە و هیچیان هەڵمەئاوێرە
سەرتاپای ئەم کوردستانە ڕەنگینە
یادگاری عەشقی شیرینە
بست بە بستی ئەم خاکە خەمبارە
گڵکۆی تازەیارە