عەبدوڵڵا پەشێو

کۆنتراکت

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
400
نیازم وایە
شەو و ڕۆژێکم تەنیا هی تۆ بێ
بڕیارم داوە
سەفەرەکانی سەرم ڕاگرم
شەپۆلان سڕ کەم
تەنیا ورینگەی تۆی تیا بێ ماڵم
دەرگە و پەنجەرە و بابوێر کونبڕ کەم
خانومانەکەم
تۆش تەنیا جارێ
خۆت تاقی کەوە
با شەو و ڕۆژێک
هەمووت هی من بێ
هەرچی نەریتە، با دەقی بشکێ
هەرچی یاسایە، با سەروبن بێ
خۆت لە دەوروبەر
لە کەس و کار و ئاشنا بدزەوە
لە ئەستێرە و مانگ
لە هەور و ساماڵ
لە بینە و بەرە و خەمیژگەی دنیا
خۆت ڕاپسکێنە
تەماشای میلی کاتژمێر مەکە
وەک ڕۆژانی تر
خۆت مەخەمڵێنە
خۆ پیرەدنیا ژێر و ژوور نابێ
تەنیا هەر جارێک
بۆ شەو و ڕۆژێ
نیوەژن بکوژە و ژنێکی ژن بە
من شەو و ڕۆژێک
دەبم بە هی تۆ
تۆش شەو و ڕۆژێک
تەنیا هی من بە
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد