عەبدوڵڵا پەشێو

پەراوێزێک بۆ مێژوو

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
403
ئەوەی هەور پەڕە دەکا و دەیتارێنێ
قۆناغ قۆناغ، ئاقار ئاقار
هەر خۆمانین
ئەوەی کەوە و کەو ڕاو دەنێ
ڕەوەز ڕەوەز، زنار زنار
هەر خۆمانین
هەر تابووتێک بۆمان دەکرێ
تەختە و چەکوچ، مێخ و بزمار
هەر خۆمانین
هەر شارێکمان دوگمەی یەخەی دەترازێنرێ
دەستەدز و پاشەدز و حەسحەسی شار
هەر خۆمانین
لە هەر باخێک، گڕ لە باڵی دارێک بەر بێ
لە هەر شاخێک، تاشەبەردێک بڕمیتە خوار
هەر خۆمانین
هەر ڕۆژێکمان، هەر مانگێکمان، هەر ساڵێکمان
هەڵدەواسرێ، سێدارە و پەت
هەر خۆمانین
دوو لەت بین و چوار لەت بین و هەزار لەت بین
تیخی نەفرەت
هەر خۆمانین
پشت و قامچی، باڵدار و داو
هەر خۆمانین
پێ و بەرپێنە، ئاگر و ئاو
هەر خۆمانین
با کەس چیدی تف هەڵناوێ
بۆ ئەوانەی مێژووی مردوون
با کەس چیدی سووچ نەخانە
ئەستۆی دەریا و قیسمەتی خوا و کەچ گەڕانی چەرخی گەردوون
گشت سەحراکان بنارێکیان پێ ناگیرێ
ئێمە خۆمان لووتکەکانمان پێشکەش کردوون
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد