عەبدوڵڵا پەشێو

پێترۆ دۆلار

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
425
هەر ببارە
داکە سەریان
جگەرگۆشەی سەوزی پەمۆ
بێهوودەیە
نە خوڕڕەی خوێن تێریان دەکا، نە ڕێژنەی تۆ
ئەوان خەرەندی بێبن و کەندولەندی شۆرەکاتن
هەر تێیان کە
پڕ نابنەوە و دەمیان بەشە وەک چۆن بەش بوو هەر کە هاتن

لەو ڕۆژەوە تۆ دەباریت
مینبەر نەما دەمی نەگری و لاڵی نەکەی
سەنگەر نەما خۆتی تێدا خاڵی نەکەی
هەڵۆ نەما لوتکەکانی پێ بەرنەدەی
قەڵەم نەما ئاودەستخانەی پێ دەرنەدەی
لەو ڕۆژەوە تۆ دەباریت
دیواندڕی دەمهار نەما
لە ئوتێلی پێنج ئەستێرە نەیخارێنی
چۆڕێک ئاوی ڕۆشن نەما، پێی نەوەڕی
مژێک هەوای سازگار نەما نەیتارێنی

گوتم نەرمی، پەمۆزادەی
کەچی هاتی شاخت بە خوێنی شاخ چەش کرد
گوتم کەسکی، وەک گیا سادەی
کەچی هاتی زەوی و ئاسمان
سەر و بنی دنیات ڕەش کرد
تۆ بالۆرە و سیاچەمانە و «دەی دەی زەردەی»ی «باڵدار»ت کوشت
بۆنی چرۆی سەر قەرتاڵە و گیزەگیزی سەماوەری دەشت و دەری بەهارت کوشت
تۆ بازرەقەی سوێسکە و پۆڕی قەلی چیا و بازبازێنی کارمامزی بنارت کوشت
تۆ چیت نەکرد
تۆ چیت نەکرد
تۆ مێگەل و بەردەبێر و گاڕانت برد بە گردەوە
قاڕە و باڕەت لەبیر کۆز و شیناوەردت لەبیر کێڵگە و ترێت لەبیر ڕەز بردەوە
تۆ چیت نەکرد
تۆ چیت نەکرد
تۆ غەزەبی ئاسمانان بووی
داباریت و دەمی تەوری خۆت گەیاندە بنج و بنیاد
کۆت و بەندت کردە لینگی شلکە چەمی زمانی ماد
شال و شەپکت لەبەر بەژنی لاوک داکەند
بۆ لاکخۆران، پارچە پارچە، تیکە تیکە
هەڵتخستم لەسەر تەناف
تۆ حەمرینت بۆ لم ڕاخست
تۆ قەراجت بردە پشت قاف
تۆ چیت نەکرد
تۆ «دڵدار»ت گۆڕبەدەر کرد
تۆ چاوساغی شەیتانان بووی
بۆ وڵاتی شۆڕەسوار و پەریزادان
هەی بێ شەرەف
تۆ شەرەفت کرد بە «دەفتەر»
مەفتەنت کرد بە دۆشەگی بن گەوادان
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد