شەرتە پۆستی دڵ وەبان کاڵە کەم
شەو هەتاکوو ڕۆژ ئاهـ و ناڵە کەم
لە شاییدا لە وەختی هەڵپەڕینا
لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا
ئەمن ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
بەشەو تاکوو بەسەرما زاڵ دەبێ خەو
بەڕۆژ تاکوو دووبارە دێتەوە شەو
لە کاتێکدا کە دەدوێنم ئەم و ئەو
ئەمن ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
زەمانێکی کە دەچمە سەیری گوڵزار
لەگەڵ پۆلی ڕەفیقانی وەفادار
تەنانەت وەختی دەسبازی لەگەڵ یار
ئەمن ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
دەکەم تەرخان لە ڕێی تۆدا ژیانم
لە سەنگەردا بەرەوڕووی دوژمنانم
بە خاکی تۆ دەمی ئاویلکەدانم
ئەمن ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە