قەومی کورد ئیسباتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میللەتێکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین
میللەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربەخۆیی نیشتمان
بێتە بەر سێدارە بێ ترس، دەم بە خەندە و پێکەنین
قەومی وا نامرێ، ئەژین با دوژمنی هەر شەبپەرێ
ساحیبی ڕۆڵەی نەبەردە، خاوەنی عەزمی مەتین
ئەو کەسەی گیانی لە ڕێگەی نیشتمانا بەخت ئەکا
پێی مەڵێن مردووە، شەهیدە وا لە فیردەوسی بەرین
لاوی کورد مەردە، لە مردن قەتعییەن باکی نییە
پەندی پێشینانە ڕاستە، بەرخی نێر بۆ سەربڕین
وا وەتەن دیسان بە مەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان
بۆچی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین
ڕۆژی تێکۆشانە، سا دەی هیممەتێ تاکوو زووە
بەشکوو لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین
گەرچی هەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن
شەو بە بێخەم سەر ئەنێنە سەر سەرین
پیاو ئەبێ داییم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ
ئەو کەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین
هۆنراوەی فایق بێکەس