لەم وێستگەوە بۆ ئەو وێستگە
جانتا تۆزاوییەکەی شانم
تاقە هاوڕێی بێدەنگیمە و تەنها سەرینی شەوانم
یەکەم هەنگاوی سەفەرمە و یەکەم وڵاتی نامۆیی
ئاسمانێکی بێ ساماڵە ژووری پڕسامی بێ تۆیی
ژووری پڕ سامی بێ تۆیی
لەم وێستگەوە بۆ ئەو وێستگە
جانتا تۆزاوییەکەی شانم
تاقە هاوڕێی بێدەنگیمە و تەنها سەرینی شەوانم
خۆم و دارستانێکی چڕ بیرەوەری، لێکدابڕان
خۆم و دەریایێک ئازار و ئۆقیانووسێ لە خوێنپژان
تۆ ئەی شێرپەنجەی غەریبی
ئەی گوڵئەستێرەی دوورکوژی
کامەیە دوا مەنزەڵگە و کەی دوا قەترەی خوێنم ئەمژی
کێ لەگەڵ خۆی چرپەیێکی ئازیزانم بۆ ئەهێنێ
یا گوڵاوی هەواڵێکم بە ڕوخسارا ئەپڕژێنێ
پێشکەشی بێ ئەو ڕۆژانەی
پەلکەزێڕینن بۆ عومرم
بڕووخێ ئەی کێوی غوربەت
با لە تەمتوومانا نەمرم
با لە تەمتوومانا نەمرم