دواوانەکەی شوێن ماڵەگەورە
سەرەو خوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە
لە ڕاگوزەرتا بە دڵەی پڕ غەم
ڕۆژی ڕووناکم لێ بووە بە تەم
تۆ بە ڕووناکی وێنەی بلووری
ئاوی زندەگی گشت شارەزووری
ئەناڵم ئەڵێم: تۆ وەک ئاوێنەی
بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی
بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فتوگراف
وێنەی شیرینی نازدارانی جاف
نموونەی دەستی پەروەردگار بوون
بە دەوری تۆدا گوڵی بەهار بوون
بە شەدەی لار و کراسی کەتان
وەک مانگ «کەتان» ی جەرگیان ئەسووتان
وەک مانگ بە شەدەی تاریکی دەیجوور
بورجی ڕەشماڵیان پڕ ئەکرد لە نوور
شەوی مانگەشەو ئاوایی خەوتن
لە دوای سرەوتن کاتی تێکەوتن
ئەو لەش و لارە بە شڵپەی مەلە
دڵی دڵداریان ئەخستە پەلە
ئاوازی سەقر و باز و باڵەبان
حیلەی مایینی جنسی کەحیلان
ئای بۆ «پەری خان» نازداری جافان
ئاهووی زەڕباهووی عەنبەر کڵافان
ماڵە بەگزادە و سیڕەی سەماوەر
ڕووی ئەو ڕووبارەی وا ئەگرتە بەر
توخوا ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکە!
بۆ سەرچاوەکە کەمێ لا وەکە
بڕوانم ئاخۆ جامی فتوگراف
نیشانم نادات شێوەی ئێلی جاف
هۆنراوە: #پیرەمێرد