حەسەن کاکایی

یا وەتەن یا مردنم

بە دەنگی: حەسەن کاکایی
شێوەزار: سۆرانی
586
ئەی وەتەن لەو وەختەوە ئەم ڕۆڵەیەت خستۆتە ڕۆ
شیری تۆ کەوتۆتە یاد و میهری تۆی گرتۆتە خۆ
دڵ بە سازی تۆ بە کەیفە ڕوو بە خۆشی ڕوویی تۆ
پێم گوتی دەبمە بەڵاگەردانی تۆ بێ هیچ درۆ
وەختی ئیجرای قەولمە ئۆباڵ بە تەختی گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

دوژمنی بەدخوو ئەگەر تۆ بمدەیەی زێڕی وڵات
دار و بەرد و خاک و خۆڵم بۆ بکەیتە حاسڵات
بمکەیە سەرداری دونیا تاجی شاهیم کەی خەڵات
شەرتە تێی هەڵدەم لە تاجت بیگەیێنمە ڕۆژهەڵات
چۆن دەبێ مەحکوومی تۆ بم کەج بکەم بۆت گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

لاوەکان گەر ڕۆح فیدا کەن بۆ وەتەن هێشتا کەمە
گەر بدا ئاوی حەیاتێ دوژمنت، ژەهرە غەمە
خۆشە دەردێکی کە دایکی نیشتمانی مەڵهەمە
سینگەکەم قەڵغانی تۆیە ئەی وەتەن پێشمەرگەمە
گیانی من قوربانی تۆ بێ جا بڵیندە گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

حازرم بۆ حیفزی ئاو و خاکەکەت ئەی نیشتمان
شەرتە بیڕێژم لەبەر پێت خوێنی گەش ڕۆحی ڕەوان
خوێنەکەم بۆ تۆ حەڵاڵە ماڵیشم هەردووکیان
یا دەبێ هیچیان نەبن یا دوژمنت هیچکامیان
دەچمە بەر مەیدانی دوژمن جا حەڵاڵ کا گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

ئەی وەتەن گەر ژین هەبێ حەققە کە تۆ ژینی منی
نامەوێ سەیری گوڵستان تۆ کە پەرژینی منی
ئاورم بۆ هێزی دوژمن چونکە تۆ تینی منی
قیبلەکەم، ئیمانەکەم، پەیمانەکەم دینی منی
گەر بوتی زیننار ئەبەستم ببیە خاچی گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

هۆنراوەی: #مەلا_محەمەد_نووری