تۆ بە مەی مەستم مەکە ساقی من لێوم دەوێ
دوای گەمەی پەرژینشکاندن چنگی پڕ سێوم دەوێ
ساقی جامی پڕ لە بادەت لاوە نێ وا شێت ئەبم
چوویتە سەر باڵی خەوی خۆش بۆ شەوێک هاوڕێت ئەبم
من حەزم لێیە لە ناوتا ون ببم بێ ئاسەوار
وەک چرای بەر ڕۆژی ڕوون و وەکوو شێنە و بای بەهار
ساقی لێوت پێکی عەترە و گیانی من بۆنی دەوێ
پێشی چاوم پڕ نەکەی تۆ ئەشقی هۆن هۆنی دەوێ
تۆ بە مەی مەستم مەکە ساقی من ماچم دەوێ
خاوەنی ئەو ڕاز و نازەی بۆیە من باجم دەوێ
هۆنراوە: حەسیب قەرەداغی