ئارام مستەوفی

نیشتمان

بە دەنگی: ئارام مستەوفی
شێوەزار: سۆرانی
729
نیشتمان ئەی خاک و خۆڵی تۆ کلەی چاوانمە
نیشتمان ناوی بەڕێزت هێزی ڕۆح و گیانمە
نیشتمان ئەی بەربەیانت ڕۆشنی ئیمانمە
نیشتمان ئێوارەکانت خەڵوەتی عیرفانمە

نیشتمان قوربانی کوێستانت دڵی پڕدەردی من
نیشتمان حەیرانی گەرمێنت هەناسەی سەردی من

نیشتمان سەرمەشقی بەرزی هیممەتە کۆماری تۆ
مەرکەزی زانست و عیرفانە لادێ و شاری تۆ
نیشتمان باغاتی فیردەوسە هەموو گوڵزاری تۆ
عیززەت و فەخرە هەموو نەخشی دەر و دیواری تۆ

نیشتمان ئەی شاخ و داخانت ئومێدی دڵ هەموو
نیشتمان دەشت و بیابانت بەهەشتی ئارەزوو

نیشتمان شەرتە کە تۆزی ڕێت بە ئەم دنیا نەدەم
شەرتە تا ماوم لە شەرتی گیانفیدایی لا نەدەم
نیشتمان شەرتە لە عیشقی پاکی تۆ سەر با نەدەم
شەرتە قەد گوێ بۆ ڕەقیب و وسوەسەی ئەعدا نەدەم

نیشتمان ئەی فێنکی قەلبم شنەی کوێستانەکەت
نیشتمان ئەی ئاوی ژینم خاکی کوردستانەکەت

نیشتمان ئێحسانی تۆیە خوێنی باو باپیری من
هێزی شان و نووری دیدە و قودرەتی تەدبیری من
نیشتمان گەر خوێنی من پاکە و حەڵاڵە شیری من
هەر لەسەر ڕێی خۆشەویستیی تۆیە بڕوا و بیری من

نیشتمان دایم لەسەر ئاواتی بەرزی ناوی تۆم
خاترت جەم بێ بەڵاگەردانی خاک و ئاوی تۆم

لاوی کورد ئەر پاکە شیرت، هەستە وەک شێری ژیان
ڕا کە مەیدان بۆ بەجێهێنانی مافی نیشتمان
ڕۆڵەکەی سوڵتان سەلاحەددین نەخۆی گۆڵی کەسان
ڕوکنی ئیمان خۆشەویستیی نیشتمانە بێ گومان

لاوی کوردم خوەت نەکەیتە دارە دەستی دوژمنت
دوژمنت نەتباتە مەیدان بۆ برای خۆ کوشتنت

کوردە قەت نەنوی بە لایەی دوژمنی عەییارەوە
شیری دوژمن تێکەڵە حەتمەن بە ژاری مارەوە
ڕەنگ نەکەی داوێنی ناموست بە لەککەی عارەوە
نیشتمانت دایکتە نەیدەی بە دەس ئەغیارەوە

ڕەنجی با و باپیری تۆ ئەم نیشتمانەی دا بە تۆ
کوردە وریا بی نەکەی باپیرەکانت ڕەنجەڕۆ
هۆنراوە: ئەحمەد موفتیزادە