زۆر ڕۆمانم ها بەلاوە
لە مارکێز و لە زۆرباوە
لە سۆفیێت
دووسێ ماچم
ها لە دەمی
ئانای ژنی کارنیناوە
کەسەردانی ئوروپام کرد
گەیشتمە ڕۆم
نانێکم خوارد
بە شەرابی ئیتالیاوە
لە دوایدا
چوومە پاریس
وتیان کامۆ
بە سەیارەی سقووتەوە
هەڵدێراوە
دڵم ڕەنجا و
تا لە پراگ پێکەنینێک سەری لێدام
بە گاڵتەکەی کۆندۆراوە
دووسێ شەقامم تێپەڕاند
سووڕامەوە و نەیانهێشتم
بچمە کۆشکەکەی کافکاوە
بە کەشتییەکی شپرزە ی خولخولەی سەری فرانتس
هەڵمدایە تۆزێک ژوورتر
چوومە قوڕنەی ئامریکاوە
لە قەراخی ڕۆمانێکدا
چاوەڕوانی ماسیگرێک
کە بێتەوە
چاوم لێ بوو
بە بێ ماسی
بەتاڵ بەتاڵێک هاتەوە
لە پیرەمێرد و زەریاوە
کچێک چاومەستی تەمەن کورت
جوڵەیەکی خستە پێستم
شەو نەنووستم ودانیشتم
بە دیار عەشقی لوولیتاوە
پاییز هات و
غوربەت تەنگی لێ هەڵچنیم
گەڕامەوە بۆ نیشتمان بە جانتاوە
وەک کتێبخانەی ژوورەکەی مامە یاسین
زۆر ڕۆمانم هابە لاوە
چێژی زۆریان پێ بەخشیوم
بەڵام هێشتا
دڵم هالای
مەی خۆشترین
دواین هەناری دنیاوە