
ئەرێ ئەی کیژە کوردی چاو کەژاڵە
ئەرێ ئەی کیژە کوردەی چاو کەژاڵە
ئەرێ ئەی شۆخ و شەنگەی چاردە ساڵە
ئەتۆ خۆت کورد و خوێنی لاوی کوردان
بە تورکی چاوی مەستت کرد حەواڵە
بە خوێنی مەی دەدەی ئاوی مژۆڵت
بژانگت بۆ چی سەر نێزەی کەماڵە؟
ڕنووی سەر ئاگرین لاجانگ و کوڵمت
لە خوێنی نەوجەوانان دا شەڵاڵە
بڵێی ئێران و عارەب بێ، دڵی تۆ
کە لێی تەئسیرێ ناکا ئاە و ناڵە
مەگەر چاڵی چەنەت زیندانی قەسرە؟
کە ڕزگاربوونی ئێمەی لێ مەحاڵە
تەنافی زولفت ئاوێزانی باڵات
نەمانی هاونەژادانت خەیاڵە
ڕۆحت بردم بە قەندی لێوەکانت
دەزانی کورد بە قەند وێرانهماڵە!
قەباڵەی عاشقیم زۆر موعتەبەر بوو
چ قەوما چاوم ئەمڕۆ پێت بەتاڵە
لە ئاە و ئەشکی بێچاران بترسە
وەئەستۆ مەگرە چیدی ئەو وەباڵە
مەگەر ترست نییە دەستی زەمانە
وەڕێت بێنێتەوە ئەم ژینە تاڵە؟
کوڕی شێران و زۆرزان بووم لە دەس تۆ
هەژارێکم زمانم لەنگ و لاڵە