ناسکە هەستێک بۆ مامە قالە یان مامە قالەمەڕەی خۆمان
گوێ گرە نەی ناڵەناڵی دێ لە دوور
تێپەڕیوە ئەو لە مەودای چوار سنوور
ئاگری سینەی خەڵاتە و حەو برین
کێ دەتوانێ وەک ئەوی هەڵکا لە ژین؟
سۆزی شمشاڵە ئەگەر یاکوو نەیە
دڵ پڕی تین و تەوژم و کسپەیە
نەی ئەگەر گریا زەمان دێتە گرین
بەو زەڵەی عەرش و مەکان دێتە لەرین
ئاە و ئاواتی لە دڵدا زۆر هەبوو
ئێستە بۆی ماوە هەناسێکی بە فوو
دەیهەویست تێر سەیری ئاوی جۆ بکات
کوانێ دەیویست شیوەن و ڕۆ ڕۆ بکات؟
دەیهەویست تاپۆی شەوی ڕێبوار بێ
بۆ پەنادانی مە بەرپێوار بێ
دەیهەویست بۆسەی کوڕی گەل بێ بە گەل
سەرچڵووکی ڕابخا بۆ ژوانی مەل
کاتێ شنیالۆ بە پەنجەی سروەوە
ببنە جۆلانەی مەلووچک پێکەوە
کۆکی کەن نۆکی خشەی قامیشەڵان
تا نەوای خۆ ئاشکرا کەن بۆ دڵان
مەنزەرەی سەوزی سروشت بوو ئەو لەوێ
دیمەنی سەوز و بەهاری خۆی دەوێ
کەی ڕەوا بوو دابڕێ، تاق بێ لەوان
ئەی ستەم زیاتر لە دووری نیشتمان؟
گەرچی دابڕاوە لە هۆزی ئەو نەیە
گوێ دەیە ئاواتی و هیواشی هەیە
حەز دەکا پەنجەی وەکوو مام قادرێ
کون کونی زام و برینێ داگرێ
دەمدەمانی بێ لەگەڵیا بێتە ژوان
ئاگری سینە لەو لەم بێ فەغان
بۆ شەهیدانی وەکوو خۆی بێنەوای
تا دەرێژن تەرمی کاکی بێ نەوای
فووی مەسیحا بێتە نێو قامیشی دڵ
دەیگەشێنێ ڕۆحی مردوو وەک سکڵ
ئاگری عەشقە نەوای ناڵە و گرین
با بە خولیاش بێ دەمێ سەر هەڵبڕین
با بە شاباڵی نەوای قاڵەمەڕە
تێپەڕین لەم هەردەوە بۆ ئەو پەڕە
با لەسەر ئاسۆی ئاڵەشینیش دەرکەوێ
خۆری ئازادی هەمووکەس دەیهەوێ