محەمەد ماملێ

لایە لایە ٢

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
242
ئاخ ڕۆڵە ڕووناکی گلێنەی چاوم
بەندی جەرگ و دڵ هێزی هەناوم
چۆڵەمەی ئەستۆم ڕەگی حەیاتم
هەنگوین و قەند و نوقڵ و نەباتم
ڕیحانەی بۆنخۆش سوورەگوڵەکەم
ئاوپڕشکێنەی کوڵی دڵەکەم
خەوی خێرت بێ دە بنوو درەنگە
تا کەڵەبابەی بەیان بێدەنگە
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
ئەوشۆ بەزەییت بە مندا نایە

ژیر بەوە ڕۆڵەی ژیر و جوانم
لە داخی لانک دەگری دەزانم
دەڵێی بۆ حەپسم بۆ دەستەبەستم
بەو بەند و حەپسە من جەستە خەستەم
لەنێو کورد نەبێ دەسرازە نییە
ئەو بەند و قوفڵە و قەڕازە نییە
ڕۆڵە من بیرم لە تۆ زیاترە
دەسرازە و لانک بتبێ چاترە
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
گوێ بدە پێت بڵێم لەبەر چی وایە

ڕاستە نەوەی شێری ژیانی
نەتەوەی پاکی گەلی کوردانی
بەڵام چونکوو کورد ئەوڕۆ بێکەسە
بەشیان لە دنیا کۆت و مەحبەسە
بۆیە دەتپێچم تا خووی پێ بگری
نەک تا من ماوم لە بەندا بمری
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
هەزار تێبینی دواڕۆژم لایە

دەسرازە: ئەو پەتە پانەی بە بەنی ڕەنگاوڕەنگ وەک کەژوو دەیهۆننەوە بۆ بەستنەوەی دەست و لاقی منداڵ لە لانکەدا.
قەڕازە: زنجیری شت بەستن.

هۆنراوە: هەژار