بە چاوی من ئەگەر جوانی وڵاتی کورد تەماشا کەی
مەحاڵە تاقە ڕۆژێکیش بەبێ ئەو خاکە هەڵ ناکەی
گڵی سوورمەی دوو چاوان و لە زەمزەم خۆشترە ئاوی
دڵت فێنک دەکا یەکجار شنەی کوێستان و سەحراکەی
کەلاوە کۆنی ئێرەت بێ تەواوی هەندەران دێنێ
دڵت خۆش نێ بە تاراوگە و شەقام و کۆشک و ویلاکەی
خوڕەی کانیاوی مۆسیقای ئەوین و ژیانەوەی نوێیە
دەکێشن دەسری سەرچۆپی کوڕادە و پنگ و بیزاکەی
ڕەوەز وانەی وەفاداری دەبێژێ بۆ هەڵۆکانی
چیا سەربەرز و خۆڕاگر دەبەخشێ جوانی بەو خاکەی
شلێر سوجەدەی ئەوینی خۆی لە پێناو خاکی کورد دادا
نیشانی دا ئەوین هەردەم دەبێ ڕوحی بە فیدا کەی
دەبێژن دەرسی ئازادی کوڕانی نیشتمانی من
لە ڕۆژی غیرەت و هەڵوێست تەماشا کیژە ئازاکەی
کەچی فرچک بە غەم دەگرێ بەڵام خۆزگە و حەزی بەرزن
دەکا گیانی فیدای خاکی لە پێناو، بیر و بڕواکەی
لە چاوی پیس بە دوور بێ یاڕەبی خاکی وڵاتی کورد
کە نرخی گیانی 'کاوە'ش بێ، خودا ئەم خاکە ئاوا کەی
هۆنراوە: کاوە داشبەندی