ئەی مانگ ئەمن و تۆ هەردوو هاودەردین
هەردوو گرفتار یەک ئاهێ سەردین
تۆ ویڵ و ڕەنگزەرد بە ئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بە شارانەوە
دەخیلتم ئەی مانگ قیبلەی دڵداران
دەرمانی دەردی دڵەی بیماران
شەوێکە و ئەمشەو بگەرە فریام
بێ یار و هاودەم، عاجز و تەنیام
پێم بڵێ توخوا چەن جوانت دی
چەن جووتە یاری دەست لەملانت دی
چەن کۆڕی بەزمی عاشقانت دی
چەن تەخت و بەخت و خانومانت دی
چەن کفنی ئاڵی شەهیدانت دی
چەن کفنی ئاڵی شەهیدانت دی
چەن بێکەسانی پەرێشانت دی
چەن دەربەدەر و ماڵوێرانت دی
چەن چاوی سووری پڕ گریانت دی
ئەی مانگ ئەوەندە سەیری دونیات کرد
سەیری نفاق و زوڵم و ڕیات کرد
بۆیە بەم ڕەنگە کاری لێ کردی
ڕەنگ و شعووری بەجارێ بردی
بنوە بە خۆشی هەتا بەیانی
خەوی ژێر پەردەی پاکی یەزدانی
گریانی چیتە!؟ تۆ چی ئەزانی!؟
تۆ تازە غونچەی باغی ژیانی
کۆرپەی نازدار و فریشتەی جوانی
لایە لایە لایە ڕۆڵەی شیرینم لایە
کۆرپەی شیرینم لایە
وا شەوگار درەنگە
ئەتۆ بۆچ خەوت نایە
دونیا کش و مات لە هەموو لایە
هەرچی درەخت و دەشت و چیایە
وا لە ژێر باڵی ڕەشی شەوایە
نە دەنگ و نە سروە هیچی لێ نایە
لایە لایە لایە ڕۆڵەی شیرینم لایە
کۆرپەی شیرینم لایە
وا شەوگار درەنگە
ئەتۆ بۆچ خەوت نایە
پەپوولەی سپیی ناو باغی گوڵان
بنوە بە بێ ترس تا بەری بەیان
تۆم داوەتە دەست خودای نگەهبان
ئێشکگری تۆن پەری ئاسمان
هیوای دواڕۆژی بۆ قەومی کوردان
لایە لایە لایە ڕۆڵەی شیرینم لایە
کۆرپەی شیرینم لایە
وا شەوگار درەنگە
ئەتۆ بۆچ خەوت نایە
ڕۆڵە وا من تۆم هێنایە بەرهەم
بە ڕەنجی زۆر و بە شیری مەمەم
بە شەونخوونی و ناخۆشی ستەم
ئەوەندە لە خوا تەمەنا دەکەم
وەتەن ڕزگار کەی لە ژێر باری خەم
لایە لایە لایە ڕۆڵەی شیرینم لایە
کۆرپەی شیرینم لایە
وا شەوگار درەنگە
ئەتۆ بۆچ خەوت نایە
سەرچاوەی دەنگ: t.me/dengahangikurdi