گوڵی سەربەستی ئەی هێزی گیانم
ڕۆشن کەرەوەی ڕیگەی ژیانم
تۆم نەبێ من خۆم بە هیچ نازانم
تۆم نەبێ هەرگیز ناحەسێمەوە
بێ بۆنی خۆشت نابوژێمەوە
گەلێک شیرینتر لە خونچەی بەهار
ناسک، جوانتر لە شەوبۆی بەهار
گەشتر لە دیدەی وەنەوشەی نزار
گوڵێکە ناوی گوڵی سەربەستی
مەردە ئەو گەلەی بگاتە دەستی
بەڵام نرخی تۆ یەگجار گرانە
کڕیارت کوشتە و جێگەی زیندانە
خوێنی خۆم بۆ تۆ زۆر لا هەرزانە
سەرم بەخت ئەکەم تۆی پێ ئەسێنم
کە تۆم دەست کەوێ سەربەست دەنوێنم
هۆنراوە: زێوەر