ئەی پێشمەرگەی هەڵمەتبەر ئەی جەنگاوەری دڵ ئاگرین
ئەی شۆڕشگێڕی چەک لە شان بە بیر و بڕوا پۆڵایین
ئەی پێشمەرگە ئەی پێشڕەوی بێبەشان و چەوساوەکان
ئاڵاهەڵگری ڕزگاری بۆ هەرگیز نەحەساوەکان
تۆ سەربازی ئامانجێکی کە عالەمێک ڕزگار دەکا
چی دەردی چارهەڵنەگرە بۆ چەوساوانی چار دەکا
ئەی پێشمەرگەی هەڵمەتبەر ئەی جەنگاوەری دڵ ئاگرین
ئەی شۆڕشگێڕی چەک لە شان بە بیر و بڕوا پۆڵایین
تۆ کۆمەڵەی تۆ خاراوی کوورەی خەبات و شۆڕشی
هێزی ئەژنۆ و تینی دڵ و جێی هیوای چینی بێبەشی
تۆ ڕابەری گەلی کوردی بۆ ئازادی و خودموختاری
پێشەنگی زەحمەتکێشانی بۆ ڕزگاربوونی یەکجاری
ئەی پێشمەرگەی هەڵمەتبەر ئەی جەنگاوەری دڵ ئاگرین
ئەی شۆڕشگێڕی چەک لە شان بە بیر و بڕوا پۆڵایین
تۆی کە شۆڕشی کوردستان بێ پشوودان، بێ سرەوتن
دەبەیتە پێش هەنگاو هەنگاو تا دوابواری سەرکەوتن
تۆ پێشمەرگەی ڕۆژی سەخڵەت، تۆ ڕۆڵەی ڕۆژی تەنگانەی
تۆ سەرسەختی، کۆڵنەدەری، تۆ لە ماندووبون بێگانەی
ئەی پێشمەرگەی هەڵمەتبەر ئەی جەنگاوەری دڵ ئاگرین
ئەی شۆڕشگێڕی چەک لە شان بە بیر و بڕوا پۆڵایین
تۆ باوەڕی، بوومەلەرزەی دڵی زەوی دەلەرزێنی
کێو و تەلان لەبن دێنی هەموو جیهان دەهەژێنی
سا دەی لەشکری دوژمنان ئاگر تێ بەردە بیشکێنە
گاڵەی پێ کە، بیفەوتێنە ڕیشەی لە بندا دەربێنە
ئەی پێشمەرگەی هەڵمەتبەر ئەی جەنگاوەری دڵ ئاگرین
ئەی شۆڕشگێڕی چەک لە شان بە بیر و بڕوا پۆڵایین
چۆن بای شەماڵ هەوری چڵکن ڕادەماڵێ لە ڕووی ئاسمان
ڕاماڵە هێزی داگیرکەر لە سەرتاسەری کوردستان
با داڕێژین حوکمی خۆمان دامەزرێنین خودموختاری
بۆ پێشەوە، بۆ سوسیالیزم، ڕزگاریبەخشی یەکجاری