هانی موجتەهیدی ‌

چاوەڕوانی

بە دەنگی: هانی موجتەهیدی ‌
شێوەزار: سۆرانی
393
غەریبیتان فرمێسکێکە و
لە چاو ئەکات ماڵاوایی
لە دووریتان ژوورەکەشم
تەنگە و پڕە لە تەنیایی

من درەختی پاییز نەبووم
ئێوەش گەڵا لە من بڕۆن
کام ڕەشەبا ئێوەی فڕاند
بەو زریانە وا خول ئەخۆن

قەدەر نەیهێشت بارانێک بین
لەگەڵ یەکا گیان بسپێرین
وەکوو ڕێگای مناڵیمان
هەنگاو بۆ لای یەک بژمێرین

چاوم لە ڕێی چاوەڕوانی و
دڵم لە ڕێی گەڕانەوە
وەک شەونمی بەر مانگەشەو
بەدەم نیگای ئاسمانەوە

غەریبیتان تیشکی خۆری ناو
ڕووبارە و ئەدات لە ڕووم
تەمەن تاسەی ئێوە ئەکات
بەبێ ئێوە بەساڵاچووم

لە ئاوێنەی باخێکەوە
نەمانتوانی چرا هەڵکەین
وەک شەقامی دەمەو مەغریب
لە ڕووناکی خۆمان پڕکەین

تەم و مژی غەریبیتان
هەیوانەکەی داپۆشیوم
وەکو گوڵی ناو گوڵدانێک
لە شەماڵی دابڕیوم