مستەفا دادار

شینی هێمن

بە دەنگی: مستەفا دادار
ئەلبۆم: ژن
شێوەزار: سۆرانی
274
ئەرێ شوانە هانێ شمشاڵ
و ئەوشۆ شینی ئەو شەوە بریندارە و شینی شاعیرێ دڵ بە سۆ بگێڕە
لە گوێن ماڵاوایی و ژانی ئاوارەییدا بە گەرمەسۆزێ تێیتووڕێنە
تێی تووڕێنە و بە چریکەی لاوکێ پەچەی ئەو شەوەزەنگە دادڕێنە
ئەوشۆکە هەست ئۆقرە ناگرێ
ئەوشۆکە دڵە و بەرگەی ئەو ژان و برکە ناگرێ
ئەوشۆکە ئەستێرە و مانگ لەو شەوە سڕە ڕاساون
ئەوشۆکە بزە و شادی دوو سازی ژێ پساون
ئایشێ خان*
ئەوشۆکە چاوەکانی کوردستان وەک چاوانی تۆ تەڕن
ئەوشۆ کە کەژ و نواڵە و تەلان و بەندەن، سوێسن و بەیبوون و گوڵاڵە
دەستەوئەژنۆ چاوەڕوانی زەردەپەڕن
ئایشێ خان ئەوشۆکە هێمنم نایەتە ژوان، نایەتە ژوان!
ئێستاکە هەوار مەکۆی خەمە
ئێستاکە کوێستان تارای تەمە

ئای شەنگەبێری ئەو هەوارە!
هاوار کە فاتە ڕەشێ** و با بێ بە سۆزی دەنگی گەرمی لەو شینگایە خەمان دابەشێ:
"هەی مەکە، ڕۆڵە مەکە، بابانوێرانێم مەکە
خەڵکی بە تاڵانی دەچوونەوە مەڕە، بەرانە، بەختەیە، شەکە
ئەمنی مل بە کوێن و قەلەندەر بە تاڵانم دەچۆوە
گەردنێ زەرد و بەژنێ باریک و ڕووی بە خاڵ و دوو چاوێ دە بەڵەکە وەی لێ
ئێستاکە هەوار مەکۆی خەمە
ئێستاکە کوێستان تارای تەمە

ئەرێ شوانە هانێ شمشاڵ
و ئەوشۆ شینی ئەو شەوە بریندارە و شینی شاعیرێ دڵ بە سۆ بگێڕە
لە گوێن ماڵاوایی و ژانی ئاوارەییدا بە گەرمەسۆزێ تێیتووڕێنە

*= نێوی هاوژینی مامۆستا هێمن
**= فاتە ڕەشێ ئافرەتێکی دەنگ خۆش بووە کە بە دەنگی پڕسۆزی لە شینگایان شینی گێڕاوە.

هۆنراوە: جەعفەر حسێنپوڕ (هێدی)

دەقی ئەم گۆرانییە لە ڕێگەی ئەو PDFەی کە بەڕێز کەریمی دانشیار لە ماڵپەڕی 'گاگەش' دایانناوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە.