گوڵی سەربەستی، گوڵی سەربەستی
گەلێک شیرینتر لە خونچەی بەهار
نازکتر، جوانتر لە شەوبۆی نازدار
گەشتر لە دیدەی وەنەوشەی نزار
گوڵێکە ناوی گوڵی سەربەستی
مەردە ئەو گەلەی بگاتە دەستی
گوڵی سەربەستی ئەی هێزی گیانم
ڕۆشن کەرەوەی ڕیگەی ژیانم
تۆم نەبێ من خۆم بە هیچ نازانم
تۆم نەبێ هەرگیز ناحەسێمەوە
بێ بۆنی خۆشت نابوژێمەوە
بۆچی ڕەنگی تۆ وەک گوڵی سوورە
ئەو هۆزەی کە تۆی تیا بی جەسوورە
عالەم بە بۆنەت زۆر پشت ئەستوورە
دیارە تەلیسمی بەزری ژیانی
گەلێک کێش ئەکەی بۆ کامەرانی
بەڵام نرخی تۆ یەگجار گرانە
کڕیارت کوشتە و جێگەی زیندانە
خوێنی خۆم بۆ تۆ زۆر لا هەرزانە
سەرم بەخت ئەکەم تۆی پێ ئەسێنم
کە تۆم دەست کەوێ سەربەست ئەنوێنم
یاران ببینن ئەم کەژ و دەشتە
ئەو لالەزارەی کە وەک بەهەشتە
حەیفە وڵاتمان کە جێگەی گەشتە
ئەو گوڵە غونچەی تیا نەکاتەوە
کوردیش گرەوی تیا نەباتەوە
با تەنیا هەر تۆ شاگوڵی من بی
سەرچاوەی سۆزی بە کوڵی من بی
تۆ تاقە یاری پڕ دڵی من بی
شێعرت پیا هەڵدەم بە زبانی خۆم
بڵێم دەمێکە شێت و شەیدای تۆم
هۆنراوە: زێوەر