عەزیز شاڕۆخ

ناڵەی جودایی

بە دەنگی: عەزیز شاڕۆخ
شێوەزار: سۆرانی
296
نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ؟
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ
ئەو هەوەسبازانە جێی متمانە نین
هەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین
وا وەرە دەی وا وەرە نێزیک بە لێم
بمدەیە مەی بمدەیە مەی تا دەڵێم
مەستێ مەستەم ساقییا دەستەم بگیر
تا نەیۆفتادەم ز پا دەستەم بگیر
جا کە سەرخۆش بووم بە دەنگێکی نەوی
بۆت دەڵێم ئەو شێعرە بەرزەی مەولەوی
بشنەو ئەز نەی چون حکایەت میکونەد
وەز جۆداییها شێکایەت میکونەد
گوێم دەیە ئەی دیدەمەستی قیت و قۆز
تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بەسۆز

نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر
بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ تا هەڵوەرێنم ئەشکی ڕوون

شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە
با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شێعر
با فراوانتر بکەم ئاسۆی شێعر
پارچە گۆشتێکە دڵی من ڕوو نییە
ناڵەناڵی من درەنگە و زوو نییە
دەردی دووری کوشتمی
دەردی هوشیاری و سەبووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو
خەمڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم، ساقی! ئەدی!؟
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم
نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
ڕوو لەهەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێژوان و کەونە لانی خۆم
شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی
ڕۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی
چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ هەستی من؟
چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟
چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە
زامی ناسۆری جوداییم چێشتووە
هەرچی خۆشم ویستووە جێم هێشتووە
هەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین
بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دووروڵات
کەوتمە نێو وردەداوی ڕێی نەجات

بەکرە شۆفارە ئەوی مووخەی چنیم
زیی مەم و زینان وڵاتی لێ تەنیم
کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک کاکە مەمێ
یایە زین لە کوێیە هاواری کەمێ!
کوا قەرە تاژدین، چەکۆ و عرفۆ لە کوێن؟!
بێنە هانام وەک پڵینگی چنگ بەخوێن
'لاس'ە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان
ئێستە ئەنگواوم بەتیری چڵکنان

وام بەتەنیایی لەنێو خوێندا شەڵاڵ
کوانێ عێل و کوانێ خانزاد و خەزاڵ؟!
زۆر لەمێژە نارەناری منی نەبیست
هەروەکوو 'شەمزین'، 'شەمیلە'ی خۆش ئەویست
وەک 'سیامەند'ێ لە چۆل و بەندەنێ
جەرگی لەت کردم پەلی دارەبەنێ
شەتڵی جواناوم منی ساردەبرین
کوا 'خەج'م تا بۆم بگێڕێ گەرمەشین؟!

مانگی 'کانوونێ بەچلوان دەرکرام'
وەک 'برایم' لەو وڵاتە ڕاو نرام
کوا 'پەریخان' بەند و باوم بۆ بڵێ؟!
بۆ نەسووتێم نەبمە پۆلووی سەر کڵێ؟!

ئەو لە زۆزان، من لە ئارانێ دەژیم
کێ دەڵێ ئەمنیش وەلی دێوانە نیم؟!

کوردەواری، ئەی وڵاتە جوانەکەم!
ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!
ئەی ئەوانەی قەت لەبیرم ناچنەوە
ئێستە بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە؟
ڕۆژگار هاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد
هێز و توانای لێ بڕیوم دەردەکورد
بوومە گەپچاڕ و دەکەن گاڵتان بە من
ئەو ڕمووزنەی زەندەقی چووبوو لە من
ئەی ڕەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات!
ئەی برای هاوسەنگەری جەرگەی خەبات!
گەر دەناڵێنم، ئەمن پەککەوتە نیم
تێ دەکۆشم بۆ وەسڵ تاکوو دەژیم
کۆششی من زۆر بەجێیە و زۆر ڕەوا
چونکە قانوونی تەبیعەت وایە، وا:
هەر کەسی کو دوور ماند ئەز ئەسڵێ خیش
باز جوویەد ڕووزێگارێ وەسڵێ خیش
ڕێگە دەبڕم، کوانێ هەنگاوم شلە
ڕاستە بێ هێزم، دەکەم ئەمما مەلە
هەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت
دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەهەشت
دێم بەرەو زیخ و چەو و کانیاوی خۆم
چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم
دێم بەرەو ئەو دار و بەرد و بەندەنە
دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە
دێم بەرەو زوورک و تەلان و کەند و لەند
دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند
دێم بەرەو پاناوک و هەوراز و نشێو
دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو
دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەک
دێم بەرەو شیخاڵ و ڕێچکە و ڕەشبەڵەک

دێم بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم
دێم بەرەو هەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم
دێم بەرەو هۆبە و هەواری باسەفا
دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگەی وەفا
دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم
دێم ببینم خزم و کاک و دێدەکەم
دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ
دیم و دەگرم دەستی دۆی جوان و چەلەنگ
*دێم و گوێ بۆ بەیت و لاوک هەڵدەخەم
گوێم لەوانە بێتەوە، من هەڵدەخەم*

دێم گراویی خۆم لە باوەش وەرگرم
دێم نەهێڵم بەرهەڵست و بەرگرم
دێم و هەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد
دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد
دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب
وردەماچ بن نامێنێ تامی شەراب**
دێم و ناترسم لە پەرژینی بە زی
هەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی
تا بمێنێ نووری چاو و هێزی پێم
[دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم
دێم هەتا هەمبێ بڕست و بیر و هۆش
گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش!]
هۆنراوە: هێمن
*= ئەو دوو خشتەیە لە هۆنراوەی شاعیردا نییە.
**= ئەو بەشە لە هۆنراوەی شاعیردا بە شێوەی "ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب" هاتووە.
فایلی ئەم بەرهەمە ناتەواوە، تکایە ئەگەر کەسێک فایلی تەواوی لە کنە لە ڕێگەی بەشی "ڕاپۆرتی هەڵە" ئاگادارمان بکاتەوە.
زۆر سپاس