لوتکەی هەڵوێستی ئینسانیی
گیانی شیرینم کۆبانی
دڵم، چاوم، هەوێنی شیعرم، هەناوم
شکۆداری، گەشی، بەرزی، دارستانی
باخی، ڕەزی، لانەی شێر و هەڵۆ و تەوار و تەڕلانی
گیانی شیرینم کۆبانی
تۆ کاکڵێ واتای ژیانی
ژیلەمۆی ئاگری زەردەشت
هەیڤی، تاوی، شاخی، دەشتی، باهۆزی، بروسکەی، هەوری
چۆک بە مردن دادەدەیت و واتای داکەوتن نازانی
گیانی شیرینم کۆبانی
مەکۆی خورتی ڕەند و کیژی ڕندی
دوندی
لوتکەی چیای
سەرهەڵدانی
بلاوێنی، گەشی، ڕوونی
مانای پیرۆزی هەر بوونی
شادەماری کوردستانی
گیانی شیرینم کۆبانی
مۆسیقای، شمشاڵی، بەستەی
زایەڵەی خۆشی* حەیرانی
قەڵای، شوورەی، بای
گڕکانی
پەیامی سەوزی سەربەستییت
لە جێژوانی
وەک گوڵدانی
ڕازێنەری پەنجەرەی هەموو ماڵانی
گیانی شیرینم کۆبانی
گەردەلوولی، خۆڕاگری
کەلاتی* ورە و ئاگری
وەشتی، شەماڵی، زریانی
شریخەی هەور و بارانی
لە لەشمانا خوێنی، گیانی
بۆ هەتا دنیا دنیایە
تۆ کۆبانی**
بە ناو چاوانی مێژوودا شائەستێرەی
شائەستێرەی درەوشاوەی بەرخۆدانی
گیانی شیرینم کۆبانی
هۆنراوە: حەسەن شافعی
*= ئەو وشانە لە هۆنراوەی شاعیردا بە شێوەی "سۆزی" و "کەڵاتی" هاتووە.
**= ئەو بەشە لە هۆنراوەی شاعیردا نەهاتووە.