
بۆنی بەهار هات بۆنی تۆ نایە
تۆ نیت گوڵ بێنیت بۆ زولفی دایە
پەڕەسیلکەکان لە گەڕانەوە
تۆ بۆ دیار نیت لە ئاسمانەوە
گوایە نەماوە باڵی فڕینت
ناتەواو ماوە چیرۆکی ژینت
لە کام مەحکەمە حوکمی وا درا
ناسکەگوڵ بێتە سپەڕی بەڵا
لای کامین قازی سکاڵای تۆ کەم
لەسەر کام گڵکۆ هەی ڕۆ هەی ڕۆ کەم
سروشتی ئەمساڵ بێ تۆ ملکزە
نە سەوزە سەوزە نە گوڵ بە بزە
لە جەژنی بەهار لێت چاوەڕوانە
نێرگزی پێ بەی بە نەورۆزانە
نامە بنێرە وەک بەهاری پار
جلی بووکینێ پێشکەش کە بە یار
نەماوە بۆنت نەشماوە دەنگت
نەماوە شێوەی جوانی قەشەنگت
عەشق و فڕین و ژیانت گۆڕان
پێموایە چوویتە ڕیزی هەڤاڵان
هەر مەلە بێ پەڕ ئەکەوێتە خوار
هەر باڵا ئەشکێ لە فەسڵی بەهار
بۆنی بەهار هات بۆنی تۆ نایە
تۆ نیت گوڵ بێنی بۆ زولفی دایە