لەوێ مەمرە..جانی جانان
لەوێ مەمرە
نە «با»ی ئەوێ تۆ ئەناسێ و
نە مەلێکی و
نە ئاوی ئەوێش ئەزانێ
تۆ لە کام بەفری شاخانی!
لەوێ مەمرە
جانی جانان
کێ نایزانێ
گڵی ئەوێ عەشق بڕە و مەیل بڕە و
هەر بیرچوونەوەی تیا ئەڕوێ
کێ نایزانێ
تۆ تەنیایت
بە شێوەبێ یا بەڕەگ و
یان بە گەڵا و یان بە لاسک
هەر لە درەختی شەوانێ
ئێرە ئەچێ
تۆ تەنیایت
لە پایزە هەژارەکەی سلێمانی و
تۆ تەنیایت هەر لە تەنیایی خوای ئێرە و
لە کۆترە شینکەی کەسیرەی
بەر پڕوشەی ئێواران و
لە ئەرخەوانی بێ خەوی
سەیوان ئەچێ
لەوێ مەمرە و
نە غەریبی غەریبتر و
نە تەنیایی تەنیاتر و
نە بێکەسیم بێکەستر کە
لەوێ مەمرە
جانی جانان
لەوێ مەمرە
کە لەوێ بوویت لێرە وشەم
لەبەر پەنجەرەی شێعردا
بێ ئارام و هەمیشە چاوەچاویان بوو
لە تەنیاییمیان ئەپرسی کەی دێتەوە
لە ئێستەیشدا کە تۆ لێرەیت
گوڵەکانی نێو ئامستردام ڕوویان کردۆتە ڕۆژهەڵات
لە گوڵفرۆش و سەبەتەی گوڵەکانی و لە ئینجانە و
پەرژینی باغچە ئەپرسن
کەی دێتەوە
تۆ بۆیە وا بۆنت خۆشە و ناسکی و خۆشەویستی
لە نێوانی گوڵ و شێعرا دێیت و دەچیت